کەرکوک.. روخاندنى خانووەکانى گەڕەکى عەرەسات راگیرا

کوردستان 09/10/2020

Alternate Text

لەسەر بڕیارى وەزیرى وەرزش و لاوانى عێراق روخاندنى خانووەکانى گەرەکى عەرەسات لەکەرکووک راگیرا و بڕیارە بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتە شاندێک لە بەغداوە بچێتە کەرکوک.

 

 سەرۆکى نوێنەرایەتى کەرکوک لە لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق بە ماڵپەڕى باسنیوزى راگەیاندووە، بەهۆى ئەوەى ماوەى چەند ڕۆژێکە شارەوانى کەرکووک دەستیکردووە بە ڕوخاندنى خانووەکانى گەڕەکى عەرەسات لەو شارە، وەزیرى وەرزش و لاوانى عێراق داواى راگرتنى روخاندنى ئەو خانووانەى لە شارەوانى کەرکوک کردووە و لە ئێستادا روخاندنى خانووەکان راگیراوە.

حەربى خالید سەرۆکى نوێنەرایەتى کەرکوک لە لیژنەى ئۆڵۆمپى عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو زەوییانەى خانووەکانى لەسەر دروستکراوە خاوەندارییەتییەکەى بۆ وەزارەتى وەرزش و لاوانى عێراق دەگەڕێتەوە و هەر لەو سۆنگەیەوە وەزیرى وەرزش و لاوان لەسەر ئەو پرسە هاتووەتە دەنگ و بڕیارى راگرتنى روخاندنى ئەو خانوانەى دەرکردووە.

بە پێى وتەکانى حەربى خالید، وەزارەتى وەرزش و لاوانى عێراق بڕیاریداوە بەمەبەستى چارەسەکردنى ئەو بابەتە رۆژى یەکشەممەى داهاتوو شاندێک بنێرێتە کەرکووک.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەندڕۆژێکە شارەوانى کەرکووک دەستى بە روخاندنى ئەو خانوانە کردووە کە تاپۆیان نییە و بە زێدەڕۆ ناودەبرێن و لەو هەڵمەتەشدا ژمارەیەک لە خانووەکانى گەڕەکى گۆڕەپانى ئاهەنگەکان(ساحەت ئەلعەرەسات) روخێندراون.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا