سەبارەت بە دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنلاین، ئەنجومەنى
سەرتاسەرى مامۆستایانى ناڕازى روونکردنەوەیەکیان بۆ راى گشتى بڵاوکردەوە و تیایدا
حکومەتیان بە کەمتەرخەم لەئاستى داواکانیان ناوبردووە و داوا لە مامۆستایان دەکەن
پابەند نەبن بە خوێندنى ئۆنلاین و ئەلیکترۆنییەوە.
دەقى روونکردنەوەکەى ئەنجومەنى سەرتاسەرى مامۆستایانى ناڕازى..
مامۆستایانی سەربەرز
دایکان و باوکانی بەڕێز
لەگەڵ بەناو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ی قۆناغی بنەڕەتی وەک مامۆستایانی
ناڕازی پێمان باشە هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینە ڕوو
1 ـ وەزارەتی پەروەردە گوێی بۆ بۆچونی پسپۆران و خەمخۆران
نەگرت و سوورە لەسەر بە ئەلکترۆنی کردنی خوێندن ، کە پێمان وایە ئەم بڕیارە بە زیانی
پرۆسەی پەروەردە تەواو دەبێت و تەنها بۆ خۆدزینەوەیە لە داواڕەواکانی مامۆستایان ،
هاوکات ئەم بڕیارە خزمەتکردنە بە خوێندنگە ئەهلییەکان و بەشێکە لە پرۆسەی بە پارەکردنی
خۆێندن و دەبێتە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی
خوێندنی حکومی .
2 ـ بەداخەوە وەزارەتی
پەروەردە و وەزیرەکەی بیر لە بینا و دار و بەرد و قەڵەم و دەفتەر دەکاتەوە ، بەڵام
مامۆستایان وەکو پێکهێنەری سەرەکی پەروەردە پشت گوێ دەخەن و گوێ بۆ داواڕەواکانیان
ناگرن .
3 ـ وەزارەتی پەروەردە
نایەوێ پرۆسەی پەروەردە بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوە بچێ ، تەنها دەیەوێ لە ڕووی دەزگا
ڕاگەیاندنەکان بڵێ دەرگای خوێندنگاکان کراونەتەوە و پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆیمان هەیە
، ئەگەر نا لە شارەکانی هەولێر و دهۆکیش بایکۆتێکی ڕانەگەیەنراو هەیە و زۆربەی
قووتابیان و مامۆستایان پابەندی خوێندنی ئەلکترۆنی نابن و پەیڕەوی ناکەن .
4 ـ ئەگەر بەهۆکاری نەخۆشی
کۆرۆناوە دەرگای خوێندنگاکان داخراون پێویستە خولەکانی پەیمانگاکان و خوێندنگە ئەهلییەکانیش
دابخرێن .
5 ـ پشتیوانی هەڵوێستی
ئەولقانەی یەکێتی مامۆستایان و ئەو بەڕێوەبەرانە دەکەین کە بڕیاری بایکۆتیان داوە
، هیوادارین تا وەڵامدانەوەی داوا ڕەواکانی مامۆستایان لە لایەن دەسەڵاتەوە بەردەوام
بن
لە کۆتاییدا داواکارین لە سەرجەم مامۆستایان پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن
و بایکۆتی خوێندنی ئەلکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن ، تا ئەوساتەی دەسەڵاتدارانی هەرێم
وەڵامی داواکاری مامۆستایان دەدەنەوە .
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
۹ ـ ۱۰ ـ ۲۰۲۰