مەسرور بارزانى: لەگەڵ بەغدا رێککەوتوین کە شەنگال بە هاوبەشى بەڕێوەببەین

کوردستان 09/10/2020

Alternate Text

دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوەکانى شاندى هەرێم و حکومەتى عێراق، مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، پەیامێکى لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور.

 

 لە پەیامەکەیدا مەسرور بارزانى رایگەیاندووە، رێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان  حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی کارکردنی جددی و دانوستانی نێوان هەردوولایە، وتیشى، رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگال.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم رێککەوتنە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەبێت، دەتوانن لە سەر  بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش زۆر دەسکەوت بە دەست بهێنن.

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:

ڕێککەوتنی ئەمڕۆی نێوان  حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شەنگال، ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستانی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە ، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شەنگال کە ڕووبەڕووی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە لە سەر دەستی تیرۆریستانی داعش. بێگومان ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال ، ڕۆلێکی گرنگی دەبێت لەوەی خەڵکی ناوچەکە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن. هەردوولا ڕێککەوتووین لە سەر ئەوەی، شەنگال لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوە ببرێت. ئەم ڕێککەوتنەش سەرەتایەکە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور.

دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە، لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا کازیمی ، گفتوگۆمان دەربارەی ڕێککەوتنەکە کرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەکەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی  ئەم ڕێککەوتنە گرنگە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەگەر هەماهەنگیی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هەبێت ، دەتوانین زۆر دەسکەوتی دیکەش بە دەست بهێنین لە سەر  بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش . ئێمە پشتگیریی لە هەر هەوڵ و دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە پێناو بنیاتنانەوەی ئەو وێرانکارییەی، تیرۆریستانی داعش لە شەنگال ئەنجامیاندا.  لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خاتوو جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بکەم، بۆ پشتیگریی و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە بە ئەنجام گەیشتنی ئەم ڕێککەوتنەدا.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/10/9

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا