زۆرێک لە خەڵکى سەرەڕاى
ماندوێتى و چەند کاتژمێرێک لە کارکردن، بەڵام پاش چوونە ناوجێگەى خەوتنەوە
ماوەیەکى زۆریان دەوێت هەتا خەویان لێدەکەوێت، بۆیە توێژینەوە نوێیەکان باسیان لە
١٠ هەنگاوى ئاسان کردووە دە دەکرێت بە ئەنجامدانیان بە زوویى خەوت لێبکەوێت.
ماڵپەڕى سکاى نیوزى
بەریتانى توێژینەوەیەکى بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات، ئەو کەسانەى بە درەنگ
خەویان لێدەکەوێت، پێویستە ئەم کارانە
ئەنجامبدەن بۆ ئەوەى پاش چوونە ناوجێگە بە چەند خولەکێک کە لە نێوان ٣ بۆ ٥
خولەکدایە خەویان لێبکەوێت.
هەناسەدانى قوڵ
هەناسەدانى قوڵ و
لەسەرخۆ پاش چوونە ناوجێگەوە، بە جۆرێک وەک ئەوەى وەرزش بە سییەکانت بکەى هەناسەى
قوڵ هەڵمژە و بیدەرەوە.
خواردنى سەوزە
خواردنى سەوزە پێش
خەوتن وا دەکات سیستەمى خەو رێکبێتەوە و بە ئاسانى خەوت لێ بکەوێت.
بیرکردنەوە لە دیمەنە جوان و ئەفسوناوییەکان
باشتر وایە لەکاتى
چوونە سەر جێگاى خەو بیر لەو دیمەنە جوان و ئەفسوناویانە بکەیتەوە کە خۆت حەز بە
بینیان دەکەیت، وەک بیرکردنەوە لە کەناردەریا و دارستانى چر و شاخى بەرز و دیمەنە
سروشتییەکانى دیکە.
رێکخستنى کاتى خەو
ئەگەر شەوانە لە یەک
کاتى دیاریکراودا بچیت بۆ خەوتن، واتە هەموو شەوێک لە کاتژمێرێکى دیاریکراودا
بخەویت، ئەوە باشترین یارمەتیدەرە بۆ خەولێکەوتن بە زوویى.
خۆ بۆنخۆشکردن
بەکارهێنانى زەیتە
بۆندارەکان یاخود هەر بۆنێکى خۆشى دیکە پێش خەوتن وا دەکات هەست بەئارامییەکى
زیاتر بکەیت و بە ئاسانى خەوت لی بکەوێت.
گوێ نەگرتن لە موزیک یاخود گۆرانى لە کاتى چوونە سەر جێگاى خەو
ماوەیەکى زۆرە خەڵکى
لەو بڕوایەدان ئیشپێکردنى موزیکێکى هیواش و ئارام لە ژوورى خەوتندا یارمەتیدەرە بۆ
خەولێکەوتن، بەڵام بە پێى نوێترین توێژینەوە، ئەوانەى پێش خەوتن گوێ بۆ موزیک یان
گۆرانى دەگرن کاتێکى زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەى خەویان لێبکەوێت.
دوورکەوتنە لە کافاین
ئەگەر کوپێک قاوە یان
نیسکافە یاخود هەرجۆرێکى دیکە لە کافاین بخۆیتەوە، ئەوا لەش پێویستى بە نزیکەى ٥
کاتژمێرە بۆ ئەوەى ئەو بڕە لە کافاین کاربکات و لەو ماددە ووریاکەرەوەیە رزگارى
بێت، بۆیە ئەو جۆرە خواردنەوانە وادەکات درەنگ خەوت لی بکەوێت.
نوسین پێش خەوتن
ئەگەر لە تەنیشت جێگاى
خەوتنەکەتەوە پێنوسێک و تیانوسێکى بچووک هەبێت و شەوانە پێش خەوتن چەند دێڕێک
بنوسیت، ئەوا مێشک ئارام دەبێتەوە و خۆى بۆ خەوتن ئامادە دەکات، ئەوەش یارمەتیدەر
دەبێت بۆ خەولێکەوتن بە زوویى.
زۆر لە خۆت مەکە بۆ ئەوەى خەوت لی بکەوێت
توێژینەوەکان
ئامۆژگارى ئەو کەسانە دەکەن کە بە بێ ئەوەى ماندووبن یاخود هەست بەوە بکەن کە
خەویان دێت دەچنە ناوجێگەى خەوەوە، واز لەو رەفتارەیان بهێنن و هەتا ئەو کاتەى
هەست نەکەن خەویان دێت نەچنە سەر جێگەى خەوەکەیان، چونکە بەو کارەیان زیان بە
سیستەمى خەوى خۆیان دەگەیەنن.
قاچەکانت گەرم رابێنە
پەیوەندییەکى بەهێز دۆزراوەتەوە لە نێوان
گەرمبوونى قاچەکان و خەولێکەوتن، توێژینەوەکان ئامۆژگارى ئەوە دەدەن بۆ ئەوەى
زووتر خەوت لی بکەوێت قاچەکانت داپۆشە بۆ ئەوەى گەرم رابێن.