سەرۆکى پەرلەمان بۆ کچانی کورد: شەقام بکەنە مەیدانی خۆسەلماندن و کێبڕکێی بونیادنەرانە

کوردستان 11/10/2020

Alternate Text

ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژى جیهانی کچانەوە پەیامێکى ئاراستەى کچانی کورد کردوو ڕایگەیاندووە، بە ئیرادەی پۆڵایینەوە ئاستەنگەکانی بەردەمیان تێکبشکێنن، دەرفەت نەدەن کەس گرەو لەسەر تێکشکاندنیان بکات، خێزان و خوێندنگە و شوێنکار و شەقام بکەنە مەیدانی خۆسەلماندن و کێبڕکێی بونیادنەرانە.

ئەمەشی خوارەوە دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پەرلەمانە:-
ڕۆژی ۱۱ی ئۆکتۆبەری هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی(کچان)ە،ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کچان لە جیاکاریی ڕەگەزیی و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە گشت بوارەکاندا،ڕایگەیاندووە.
لەم ڕۆژە تایبەتەدا، پیرۆزبایی لەهەموو کچانی کوردستان دەکەم،هیوادارم شێلگیرانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن ، مکوڕ بن لەسەر بەدەستهێنانی دەرفەتی یەکسان،پشت بە توانا و لێهاتوویی خۆیان ببەستن و لەبوارێکی دیاریکراودا تایبەتمەندی و پسپۆریی وەربگرن،بە ئیرادەی پۆڵایینەوە ئاستەنگەکانی بەردەمیان تێکبشکێنن، دەرفەت نەدەن کەس گرەو لەسەر تێکشکاندنیان بکات،خێزان و خوێندنگە و شوێنکار و شەقام بکەنە مەیدانی خۆسەلماندن و کێبرکێی بونیادنەرانە.
هەر لەم ڕۆژەدا سوپاسگوزاریی هەموو ئەو خێزانانەم کە جیاوازیی لە نێوان کچ و کوڕەکانیان ناکەن، دەستی ئەو دایک و باوکانە ماچ دەکەم کە باوەڕ و متمانەیان بە توانای کچەکانیان هەیە، هەر ئەوان دەتوانن ژنی بەئیرادەی خاوەن کەسایەتی بەهێز بۆ ئاییندە دروست بکەن چونکە وێستگەی یەکەمی بونیادنانی کەسایەتی بەهێزی متمانە بەخۆی خوڵقێنەر خودی خێزانە.
لەم ڕۆژەدا،دەستی باپیرم(باوکی دایکم) و باوکم و دایکم ماچ ئەکەم کە بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی ئەم جۆرە ماف و پرۆتۆکۆڵانە بزانن،هەر بەسروشتی خۆیان باوەڕیان بەیەکسانی هەبوو، پشتیوانیان کردم،بەرگەی فشاری کۆمەڵگە و دەوروبەریان گرت و زەمینەی خۆپێگەیاندنیان لە نێو خێزانێکی مامناوەندەوە بۆ ڕەخساندم،دەربەستی هیچ یەکێک لەو ڕوانگە و کۆمێنتە نەرێنییانە نەهاتن کە بۆ خوێندن و بۆ چالاکی و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی و حیزبی و میدیایی ئێمە دەبوونە ئاستەنگ...ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ڕۆحی داپیرەم کە وەک قەڵا پشتیوانم بوو، نموونەی باڵام بوو،زۆر بەهێز بوو،زۆر تابیەت بوو.
د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا