بەیانی ئەمڕۆ شاندێکی بانکی ناوهندی ئێران، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە بانکییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکە، گەیشتە عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٢ی تشرینی یەکەم، شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی پارێزگاری بانکی ناوهندی ئێران گەیشتنە عێراق و لەگەڵ مستەفا غالب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوهندی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوهندی عێراق رایگەیاندووە، چەند رێوشوێنێک لەبەردەمماندا هەن، کە بتوانین چارەسەری ئەو کێشە بانکیانەی پێ بکەین کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن، ئەمەش بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە دراوی ئێران داڕمانێکی مێژووی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە خۆیەوە بینیوە، ئێران لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکە تا بتوانێت خۆی لە زیانە زۆرەکانی ئەو داڕمانە رزگاربکات.