کوزەڵە دەوڵەمەندە بە کۆمەڵیک ڤیتامین و ماددەی تری وەک لووتین، کە هۆکاری زۆر گرنگن لە پاراستنی تەندروستیی مرۆڤدا.
ماڵپەڕی بۆڵدسکای لە بابەتێکی تەندروستیدا ئاماژە بە چەند سوودێکی گرنگی خواردنی کوزەڵە دەکات و پێکهاتە ناوازەکەی دەخاتەڕوو.
- دابەزاندنی پەستانی خوێن
کوزەڵە بڕێکی زۆر لە ماددەی لووتین و زیکسانسینی تێدایە کە ئەم ماددانە ڕێگری لە پیسبوونی دەمارەکانی خوێن دەکەن و ڕێڕەوی خوێن ئاسان دەکەن، بەم شێوەیەش پەستانی خوێن جێگیری خۆی لەدەستنادات و نزم دەبێت.
- یارمەتی بەهێزبوونی ئێسکەکان دەدات
کوزەڵە بڕێکی زۆر لە ماددەی ڤیتامین کەی لەخۆدەگرێت، بوونی ڤیتامین کەی لە جەستەدا هۆکارە بۆ پاراستنی ئێسکەکان، نەبوونیشی هۆکارە بۆ داخورانی ئێسکەکان و ڕزانیان.
- ڕێگری لە شێرپەنجە دەکات
کوزەڵە جۆرە ماددەیەکی دژە شێرپەنجە لەخۆدەگرێت کە ئەگەرەکانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، هەروەها ماددەی دیدۆلیلسینی تێدایە کە ڕێگری لە شێرپەنجەی مەمک دەکات.
- بەرگری لەش زیادەکات
بڕێکی زۆر لە ڤیتامین سی لە کوزەڵەدایە کە جەستەی مرۆڤ لە بەکتریا زیانبەخشەکان دەپارێزێت و بەمەش بەرگری لەش بەهێزدەبێت.
- هۆکارێکە بۆ تەندروستبوونی دڵ
ماددەی دژە ئۆکسانی لوتین لە کوزەڵەدا هەیە کە هۆکارێکە بۆ پاراستنی دڵ لە نەخۆشییەکان و جەڵتەی دڵ.
- ڕێگە لە جەڵتەی مێشک دەگرێت
کوزەڵە بڕێکی زۆر لە ماددەی فۆڵەیتی تێدایە کە هۆکارە بۆ پاراستنی مێشک لە توشبوون بە جەڵتە.
- بینین بەهێز دەکات
بوونی بڕێکی زۆری ڤیتامین سی لە کوزەڵەدا وای لێ دەکات کە هۆکارێکی زۆر گرنگ بێت بۆ بەهێزکردنی توانای بینین.