لە ئێستادا و بەهۆى زۆربوونى ژمارەى تووشبوون بە
نەخۆشى کۆرۆنا، زۆرینەى ئەو کەسانەى کە تووشى ڤایرۆسەکە دەبن، لەبەر قەرەباڵغى
نەخۆشخانەکان و بۆ خۆپارێزى زیاتر لە ماڵوە چارەسەرەکان وەردەگرن و ناچنە
نەخۆشخانەکان، دکتور بیلال عومەر چەند رێنماییەکى بۆ ئەو کەسانە خستووەتەڕوو کە
ئامێری ئۆکسجین لە ماڵەوە بەکار دەهێنن بۆ نەخۆشی کۆرۆنا.
1- دەبێت ئامێرەکە پێنج مەتر لە ھەمو جۆرە ئاگرێک دور بێت: تەباخ، جگەرە کێشان،
داگیرساندنی چەرخ و شقارتە، ھیتەر، سۆبا، مۆم.
2- نابێت ھیچ جۆرە ئامێرێکی گازی و بوخاری لە نزیک ئامێری ئۆکسجین بەکار بھێنیت،
وەکو معەتەر، سپرای، گسکی کارەبایی، ئوتو......
3- دەبێت ئامێرەکە بە شێوەی ستونی راست دابنرێت، وە بە شتێک جێگیر بکرێت و رێگری
بکات لە کەوتنی.
4- ھیچ جۆرە بەرھەمێکی کیمیایی و سوتەمەنی نزیک ئامێرەکە نەبێت، وەکو بەنزین،
نەوت، گاز، جۆرەکانی مەلھەم.
5- ئامێرێکی ئاگر کوژێنەوە لە نزیک ئۆکسجینەکە دابنرێت بۆ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە.
6- پلاکی ئامێرەکە بە سویچی سەر دیوار رەبت بکە، واتە ھیچ جۆرە تەقسیم و سەیارێک
بەکار مەھێنە.
7- لە کاتی بەکارھێنانی ئۆکسجین، ئامێرەکە گەرم ئەبێت، پێویستە لە ھەمو جۆرە
پارچەیەک دور بێت، وەکو پەردە.
8- نابێت ھیچ لە سەر ئامێرەکە دابنرێت، بەتایبەت پارچە قوماش و پلاستک.
9- نابێت ئامێری ئۆکسجین لەبەر خۆر (ھەتاو) دابنرێت.
10- جلوبەرگ و کەلوپەلی خەوی نەخۆشەکە پێویستە لە مادەی لۆکە دروست کرابێ نەوەک
مادەی لایلۆن، چونکە لۆکە سەلامەتە و تەزوی کارەبایی دروست ناکات.
11- نابێت ئۆکسجین لە شوێنی داخراو و تەسک دابنرێت. وە ئەگەر لە ناو سەیارە بو
لە کاتی گواستنەوە، پێویستە جامی سەیارە بکرێتەوە.
12- نابێت ئامێری ئۆکسجین لە سندوقی سەیارە دابنرێت
و بگوازرێتەوە. وە ھەوڵ بدرێت منداڵ نزیکی نەبێتەوە.