وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند،
کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێواران بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگا
حکومییەکان بە ڕێژەی (٤٥%) کەمکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەمە ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى ئارام
محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستى و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی
ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى
زانستى بەڕێوەچوو، تێیدا چەند بڕیارێک لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە دەرکرا.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى
(٤٥%)ى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى
کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن لەزانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانى هەرێمى
کوردستان، بڕیارەکەش خوێندنى (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.
هاوکات، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
راشیگەیاندووە، لێژنەیەکی وەزاری پێکهێنراوە
بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکان تاوەکو هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بەشداربن لە کەمکردنەوەی
کرێى خوێندن.