لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کۆبوونەوە و کۆمەڵێک بڕیاری نوێیان دەرکرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی تشرینی یەکەم، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، بۆ هەڵسەنگاندن و دانانی ڕێنمایی و ڕێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار دران کە ئەمانەی خوارەوەن:
١-پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دابینکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بێت بە تایبەتی کەرتی تەندروستی و پەروەردە و هێزەکانی ناوخۆ و فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشکەش بکەن و بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە.
٢-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەک خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان بێت.
٣-هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو کارمەندانی فەرمانگەو دامەزراوەکانیان بە ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکانەوە.
٤-لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەکی دەوڵەتیی و کەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان نەبێت.
٥-لیژنە هاوبەشەکانی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە شوێنە گشتیەکانداو هەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.
٦-کردنەوەی خوێندنگاو ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی ڕادەسپێررێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێکارانەوە.
٧-دانانی پرسە و چوونە سەرقەبران و مەولود و بۆنە ئایینیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات.
٨-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژکردنی مزگەوتەکانی ناوبازاڕو ئەو فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەکرێت.
٩-کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسکبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.