ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: لە عێراق ساڵانە بە بەهای دوو ملیار دۆلار غاز بەفیڕۆدەچێت

عێراق 13/10/2020

Alternate Text

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ساڵانە لە عێراق بە بەهای دوو ملیار دۆلار غاز بەفیڕۆدەچێت و هەروا دەسوتێت و کە ئەگەر سودی لێوەربگیرێت بەشی کارەبای سێ ملیۆن ماڵ دەکات.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە  لە ڕاپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، هەموو  کاتژمێرێک عێراق بە بەهای 290 هەزار دۆلار غاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە 6.9 ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە 2.5  ملیار دۆلار.

هاوکات  ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین غازی سرووشتی دەسووتێنن، چوار یەکەمەکە بریتین لە روسیا، عێراق، ئەمریکا و ئێران، بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە 45٪ی کۆی غازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە 150 ملیار مەتر سێجا غاز دەسووتێنن.

بە پێی زانیارییەکان یەدەگی غازی سروشتیی عێراق بە 126.7 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت و ساڵانە 700 ملیۆن مەتر سێجا غاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات.

سەبارەت بە کارەبا، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە 18.5 تاوەکو 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا 28 هەزار مێگاواتە، هاوکات 85٪ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە غاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێران بە نرخێکی گران غاز بە عێراق دەفرۆشێت. کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم BP عێراق بۆ هەر یەک پێ سێجا غاز 11.23 دۆلار دەداتە ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە ئەڵمانیا بە 5.42 دۆلار غاز لە رووسیا دەکڕێت و  کوەیتیش لە ئەمریکای دەکڕێت بە 6.49 دۆلار.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا