ھۆکارەکانی زیادبوونی ئازاری ماسولکە و جومگەکان لە کاتی سەرمادا چین ؟

تەندروستی 13/10/2020

Alternate Text

ئەوەی ڕوونە هەتا کەشوهەوا بەرەو سەرما بڕوات و زستان  دەست پێبکات، ئەو کەسانەی ئازاری  جومگە و ماسولکەیان هەیە، ئازارەکانیان ڕوو لە زیادبوون دەکات .

لەزستاندا و لە کەشی سارد و سەرمادا ئازاری ماسولکە و جومگەکان بەگشتی زیاد دەکەن، بەڵام زیاتر ئەو جومگانەی دێشێت ئەژنۆکان و جومگەی حەوز و قولەپێیە . لەڕاستیدا ھەتا ئێستا توێژینەوەکان لەسەدا سەد نەیان سەلماندووە ھۆکاری سەرەکی ئەوەی ئازاری ماسولکە و جومگەکان لە زستاندا چین ، بەڵام ھەندێک لە پزیشکەکان ھۆکارەکەی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم حاڵەتانەی خوارەوە :

١- لەوەرزی زستان و لەکاتی سەرمادا جەستە ھەوڵ دەدات گەرمی خەزن کات و خوێن زیاتر بڕوات بۆ دڵ و سییەکان ، لەکاتی ڕوودانی ئەمەدا، ئەو بۆری خوێنانەی لەپەلەکانن گرژدەبن و کەمتر خوێن بچێت بۆیان کەئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەم ناوچانە سارد بن و ڕەق بن ، کەئەمەش ئازار و ناڕەحەتی دروست دەکات .
٢- یەکێکی تر لەبیردۆزەکان ئەوەیە لەکاتی زستاندا، ئەو گۆڕانەی لە پەستانی ھەوادا ڕووئەدات دەبێتە ھۆی زیادکردنی ھەوکردن لە جومگەکان بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە خۆیان ڕۆماتیزم و کێشەی جومگەیان ھەبووە پێشتر ، ئەم ھەوکردنەش ئازار و ناڕەحەتی و سووربوونەوە دروست دەکەن . وەھەروەھا دەمارەکان ھەستەوەر تر دەبن بۆ ھەستی ئازار .
٣- کەشی سارد وادەکات ماسولکەکان زووتر گەرمی وونکەن ، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکان، وە ووزەیەکی زیاتریان پێویستە بۆ ھەڵسان بە کارەکانیان کە ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار .
٤- ووشکبوونەوە بەھۆی سەرماوە: لەبەرئەوەی لەکاتی سەرمادا مرۆڤ ئاو کەمتر دەخواتەوە وەک لە کاتەکانی تر ، بۆیە لەشی مرۆڤ تووشی ووشک بوونەوە دەبێت. و ەلەبەرئەوەی ئاو پێکھاتەیەکی گرنگی لینجی نێوان جومگەکانە ، کەمبوونەوەی لینجی نێوان جومگەکان کەمدەکاتەوە و بەوەش ئازار و ڕەقبوون دروست دەبێت .
٥- ھەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن لەکاتی وەرزی زستاندا ، خواردنەوە گەرمەکانی وەکو : چا و قاوە و نیسکافە ، بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر دەخورێتەوە ، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کافایینی تێادایە کە دەبێتە ھۆی زیادکردنی ئازار لەجەستەدا .
٦- چەند توێژینەوەکی تر دەڵێن : لەزستاندا چالاکی کەمترە بەگشتی و وەرزش کردن کەمتر دەبێتەوە و خەڵک زیاتر دەنوێت یان ڕادەکشێت و پاڵدەکەوێت لە ژوورەوە و کەمتر دێنەدەرەوە ، بۆیە ماسولکەکان تەمەڵ دەبن و جومگەکان ڕەقدەبن لەئەنجامی کەمی جووڵە ، کەئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازار لەکاتی جوڵاندن و ھاتوچۆدا .
٧- شێداری لەگەڵ سەرما ھەردووکیان کاریگەریان ھەیە لەسەر زیادکردنی ئازاری جومگەکان ھەیە، ئەویش بە ھۆی کاریگەرە خراپەکانیان لەسەر تەندروستی ئێسک و کرکڕاگەی جومگەکان .
٨- لەکاتی سەرمادا ئەو لینجییەی لەناو جومگەکاندا ھەیە (synovial fluid)خەست دەبنەوە و بە باشی ھاتوچۆ ناکەن لەنێوان جومگەکاندا کە دەبێتە ھۆی ڕەقبوون و کرتەکرت کردنی جومگەکان .
٩- لەکاتی کەشی ساردا ، ھەستەوەری دەماری ناو جومگەکان زیاد دەکات ، بەھۆی دروستبوونی ھەوکردن و لێکخشان بەھۆی سەرماوە .
١٠- بوونی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەکو ڕۆماتیزم ، شەکرە ، ڕایناود سیندرۆم (raynaud's phenomena)، غودە ، ئەگەری دروستبوونی ئازار زیاد دەکەن .
 د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد  ...  پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا