ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند،
"کارى قاچاخچێتى لە خاڵە سنورییەکان بەردەوامە، ئەوەى هەیە بێدەنگى لێکراوە،
زیادى نەکردبێ کەمى نەکردووە" و دەشڵێت " بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێلى قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێم".
دابان محەممەد ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە
فراکسیۆنى گۆڕان لە پەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى، قاچاخچییەتى لە مەرزەکان
بەجۆرێک فراوانبووە، شۆفێرى خێزانى بەرپرس هەیە دەستى داوەتە کارى قاچاخی و ئۆتۆمبێل
داخڵى هەرێم دەکات و لە باشماخ بە ئاشکرا و لە حاجى ئۆمەران بە کۆنتێنەرى داخراو ئۆتۆمبێلى
قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێم.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، "ئێستا لە خاڵى
سنورى پەروێزخان زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبێل دەستى بەسەردا گیراوە کە ئۆتۆمبێلى نایاسایى
و خوار مۆدێل ٢٠١٨ن، چەندین جۆر ئۆتۆمبێلى گرانبەهایان تێدایە، دۆسییەکە دراوە بە
بەڕێوەبەرایەتى گشتى گومرگى هەرێم و ئێمەش چاودێرین لە رێگریکردن و داخڵکردنیان."
دابان محەممەد ئاماژەى بەوەشکردووە، هەموو ئەو
داهاتانە پێویستە بچێتە خەزێنەى حکومەتەوە و لە موچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج
بکرێن، نەک بخرێتە خزمەتى حزب و بەرپرسەکانییەوە.