پۆلیسی هەولێر ، دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە هەستابوو بە بڕینی دوو مارکێت و دزینی بڕی ١٠ ملیۆن و ٣٥٠ هەزار دینار.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تشرینی یەکەم، پۆلیسی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، نوسینگەكانی باكوور و رۆژئاوا، پاش ئاگاداركردنەوەیان لە بڕینی دوو ماركێت، یەكێكیان لە گەڕەكی دۆلاراوە و ئەوەی دیکەش لە گەڕەكی سەربەستی ٣٢ی پارك، كە هەستابوو بە دزینی بڕی هەشت ملیۆن و ١٥٠هەزار دینار و دزینی كارتی مۆبایل بە بڕی دوو ملیۆن دینار و هەروەها بردنی كۆمەڵێك كەلوپەلی ماركێتەكان بە بڕی ٢٠٠ هەزار دینار، لە هەمان كاتیشدا جامی دوو ئۆتۆمبێلی شكاندبوو، تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و لە ماوەی دوو كاتژمێردا كەسێكیان بە ناوی (ك.ح.س) بە تۆمەتی بڕینی ماركێتەكان، دەستگیر كرد.
روونیشیکردووەتەوە، تۆمەتباری ناوبراو، دانی ناوە بە تاوانەكەیدا و بەپێی ماددەكانی (٤٤٣) و (٤٤٤) لە یاسای سزادان، راگیراوە و رادەستی دادگا كراوە.