پۆلیسی
هەولێر رایگەیاند، توانیویانە لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک تۆمەتبارێکی مەترسیدار دەستگیربکەن
و بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریش لە ماڵەکەیدا دەستی بەسەردا گیراوە.
پۆلیسی هەولێر لە
راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە "بنكەی پۆلیسی سەروەران، پاش ئاگاداركردنەوەیان
لە بوونی چەندین حاڵەتی تەقەكردن و بێزاركردنی هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی جام رەش و
بێ ژمارە، بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و حەبی بێهۆشكەر و چەند حاڵەتێكی
دیكەی شەڕفرۆشتن بە خەڵك و تەعەداكردن لێیان، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای
هەولێر، تیمێكی تۆكمەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا".
ئەوەشی تێدا هاتووە، دوای بەدواداچوونێكی ورد و
چڕ و بەدەستهێنانی زانیاری، توانراوە شوێنی تۆمەتبارێكی مەترسیدار بەناوی (س. ر.
ح) لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆك ئاشكرابكەن و بە پلانێكی وردی بەرنامە بۆداڕێژراو، دەستگیری
بكەن.
پۆلیس ئەوەشی
ئاشکراکردووە، "تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەكانی (456) و (432) و (405/31) لە یاسای
سزادان فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو، چوار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمار كرابوون، لەكاتی
دەستگیركردنیدا لە شوێنی حەوانەوەی، دەست بەسەر 152 گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ،
421 گرام جامایكا، 35 گرام حەشیش، 78 پارچە حەبی ترامادۆڵ، 6 چەكی جۆری كڵاشنكۆف،
7 نارنجۆك، 2 ئۆتۆمبێلی جۆری كیا كادێنزا و نیسان سەنییەكی ژمارە ساختەدا گیراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبار
دانی بە تاوانەكانیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددە (421) لە یاسای
سزادان، راگیرا و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە