وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر دەروازە سنوورییەکان کۆدەبێتەوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی پشکنین دەدرێت.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەو پشکنین و کارانەی بە حکومەت دەکرێت لە کۆمپانیاکان دەسەندرێتەوە، ئەو کۆمپانیایانەشی دەمێننەوە دەبێ لەژێر چاودێریی حکومەت کار بکەن.
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی وتووە "ئەو کۆمپانیایانەی دەمێننەوە، نرخەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆیان دادەنرێت نەک خۆیان دای بنەن".
ئەوە لەکاتێکدایە، هەردوو وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی رێکخستنی رێنماییەکانی کۆنترۆڵی جۆری لە دەروازە سنوورییەکان کردووە.
ئەو هەنگاوەی حکومەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانەی پشکنین،وەک د. دارا رەشید باسی دەکات "داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە".