چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم
لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قائیمقامە بەخشراوەکان پێی ڕاگەیاندن، كارەكانی ڕابردووتان
جێگەی ڕێزە .
ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی یەکەم، چەتۆ ساڵح بریكاری
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو قائیمقامانەدا كۆبووەوە كە لەپۆستەكانیان
بەخشراون و پێی ڕاگەیاندن "ویستمان لەڕێی ئەم كۆبوونەوەیەوە پێتان بڵێین كارەكانی
ڕابردووتان جێگەی ڕێزە لامان، بۆ ئێوەش كەئێستا لەپۆستدا نەماون ئێمە خەمخۆر و داكۆكیكاری
ڕاستەقینەتان دەبین".
لەبارەی دووبارە
كاندیدبوونەوە و پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، "ئێوە
پڕ ئەزمونن لەبەڕێوەبەریی و كاری ئیدارییدا، بۆ هەر پۆستێك جێگە هەبێت داكۆكیتان لێدەكەین
تا ئێوەی بەخشراو لەپۆستەكانتان بخرێنەوە سەركار".
قائیمقامەكانیش لای خۆیانەوە سوپاسی چەتۆ ساڵح
بریكاری وەزارەتی ناوخۆیان كرد كە ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون تا لەنزیكەوە كێشە و
داواكارییەكانیان بگەیەننە یەكێك لە لێپرسراوە باڵاكانی حكومەت، ڕاشیانگەیاندووە،
كە لە ماوەی سێ ساڵی بەخشینیان لەپۆستەكانیان بۆ یەكەم جارە دەرگای كۆبوونەوەیان بەڕوودا
دەكرێتەوە.