هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی داوایان لە مامۆستایان کرد، دەست بە دەوامی خۆیان بکەنەوە و کۆتایی بە بایکۆتکردن بهێنن.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی سلێمانی، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردووەتەوە، ماوەی چەند رۆژێکە دەوامی فەرمی خوێندنگەکان بەگوێرەی قۆناغەکان دەستیپێکردووە، بەڵام لەسنووری هەردوو پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچە و خراپی گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام بەپێی پێویست نەکراوەتەوە.
روونیشیکردووەتەوە، ئێمە وەک پەروەردەکاران و بەرپرسانی پەروەردەیی پێمانوایە کاتی ئەوە هاتووە بچینەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەستپێبکەینەوە و بەگوێرەی فەرمانە وەزریەکان کە پۆلەکانی یەک و دوو ی بنەڕەتی وپۆلی ١٢ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە لەناو خوێندنگە دەوام دەکەن و پۆلەکانی تریش بەشێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، چارەنووسی خوێندن بەم شێوەیە لەبەرژەوەندی قوتابی وخوێندکار نابێت، دەزانین هەریەکەمان چەند لە دواکەوتنی مووچە و بێدادی نیگەرانین و لەگەڵ گشت مافەڕەواکانی مامۆستایانین هێندەیش نیگەرانی پرۆسەکەین، بۆیە بەم روونکردنەوەیە داواکارین لەسەرجەم بەڕێوەبەر و مامۆستایانی بەڕێز بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن و دەوام دەست پێبکەنەوە .