سەرەڕاى دابەشکردنى موچە بایکۆتى مامۆستایان بەردەوامە

کوردستان 18/10/2020

Alternate Text

سەرەڕاى دابەشکردنى موچەى مانگى ئەیلولى وەزارەتى پەروەردە، مامۆستایانى سنورى سلێمانى سورن لەسەر نەشکاندنى بایکۆت و تائێستا دەرگاى خویندنگاکان نەکراونەتەوە.

 نەوشیروان حەمەغەریب، کارگێڕی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان، رایگەیاند، "ئێمە وەک مامۆستایانی ناڕازی بایکۆت ناشکێنین تا داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکرێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە، مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانى خوێندن چونکە بە وتەى ئەو، تائێستا حکومەت وەڵامى داواکانیانى نەداوەتەوە، وتیشى، داواکارییەکان بریتین لە پێدانی موچەی تەواوی ٣٠ رۆژ جارێک، دیاریکردنی هەموو پاشەکەوت و لێبڕینەکان و کردنەوەی پلە بەرزکردنەوە (تەرفیع) بۆ مامۆستایان.

کارگێڕى لقى سلێمانى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان دەشڵێت، " ئێمە وەک مامۆستایانی ناڕازی چاوەرێمان دەکرد موچەی ئەم مانگە بە تەواوی پێمان بدرێت، بەڵام لە پاش ٦٠ رۆژ بە لێبڕینی ١٨٪ـەوە پێمان دراوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک بایکۆت ناشکێنین و بەردەوام دەبین".

داواشى لە حکومەت کرد، ئەگەر لە خەمى داهاتووى منداڵانى کوردستان و کەرتى پەروەردەدان با بەزوویى بێن بەدەم داواکارییەکانى مامۆستایانەوە، چونکە مامۆستایان ناتوانن بەمشێوەیەى ئێستا دەوام بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر چەندە موچەى مانگەکانى ٤، ٥، ٦، ٧، ٨، دابەشنەکراوە، حکومەت موچەى مانگى ئەیلولى بە لێبڕێنەوە دابەشکردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا