دوای رێکەوتنەکانی بەحرەین و ئیمارات لەگەڵ ئیسڕائیل بۆ
ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیان، داعش سعودیەی بە پاڵپشتی رێککەوتنەکە
دانا و هەڕەشەی ئاڕاستە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی تشرینی یەکەم، ئەبو حەمزە مهاجر،
وتەبێژی راگەیاندنی داعش لە تۆمارێکی دەنگیدا لەسەر تۆڕی پەیوەندی کردنی تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە، سعودیە پاڵپشتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیماڕات و بەحرەین
لەگەڵ ئیسڕائیل کردووە و ئاسمانی بە رووی فرۆکە بازرگانیەکانی ئیسڕائیلی کردووەتەوە
بۆ گەشتکردن بۆ ئیماڕات و بەحرەین.
هەر بۆیە لەو تۆمارە دەنگییەدا هەڕەشەی لە سعودییە کردووە، فەرمانی بە
هێزەکانی داوە کە کەسانی بیانی لە وڵاتەکەدا بکەنە ئامانج و هەوڵی رووخانی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، لە تۆمارە
دەنگیەکەدا وتەبێژەکە دەڵێت،ئامانجەکان زۆرن، هێرش بکەنە سەر بۆرییەکانی
گواستەوەی نەوت و کارگە و ئەو هۆکارانەی سەرچاوەی داهاتی حکومەتن.
هەر لە تۆمارە دەنگیەکەدا، ئەبو حەمزە مهاجر، ئاسایی
کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسڕائیل و بەحرەین و ئیماڕاتی بە تووندی رەتکردووەتەوە و بە ناپاکیکردن لە ئیسلام ناوی هێناوە.