چیرۆکی ئەو دایکەی منداڵەکانی لە سەر پردێکی بەغدا فڕێدایە خوارەوە

عێراق 19/10/2020

Alternate Text

شەوی هەینی  ڕابردوو  دوو منداڵ لەلایەن دایکیانەوە بە شێوەیەکی بێبەزییانە لەسەر پردێکی بەغدا فڕێدرانەخوارەوە و تا ئێستاش تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

کەسوکاری باوکی  منداڵەکان بۆ میدیاکان قسەیان کردووە و حاجی عەلی، باپیری منداڵەکان بە کەناڵە عێراقییەکانی راگەیاندووە لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی هەیینییەوە "لەژێر پردەکە و رووبارەکە دەگەڕێین، خەڵکی ناوچەکە هاتوون و خۆمان بە پارەی خۆشمان غەواسمان هێناوە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچیانمان نەدۆزیوەتە".

باپیری منداڵەکان  وتوویەتی " ژنەکە، هیچ نەخۆشییەکی دەروونیی نییە و، خیانەتی لە شەرەفی خۆی کرد، ئەو خۆی خیانەتی لە هاوسەرەکەی کردبوو، وێنەی هەبوو لەگەڵ خۆشەویستەکەی.مێردەکەی لەسەر ئەو خیانەتە تەڵاقی دا و دایەوە دەست کەسوکاری".

حاجی عەلی بە گریانەوە باس لەوە دەکات دوای ئەوەی کەسوکاری بووکەکەی، کچەکەیان بردووەتەوە "داوایان لێکردین ئابڕوویان نەبەین، ئێمەش ئەوەمان کرد. منداڵەکان هەر پێنج رۆژ جارێک دایکیان دەبینی و دواتر ئێمە خۆمان دەچووینەوە دوایان".باپیری منداڵەکان باسی لەوە کرد، هۆکاری جیابوونەوەی کوڕ و بووکەکەی "خیانەت بووە" و دەڵێ "بووکەکەم خیانەتی کردووە و وێنەی ئابڕوبەرانەشی لەگەڵ خۆشەویستەکەی لەنێو مۆبایلەکەیدا هەبوو".

حاجی عەلی باس لەوە دەکات لەوکاتەوەی "ئابڕووچوونەکە لە بووکەکەم ئاشکرا بوو"، دامانەوە دەست خێزانەکەی تاوەکو ئەو کاتەی حوکمی دادگا بە جیابوونەوە دەرچوو.

دادگا منداڵەکانی داوەتەوە باوکیان، کە بەگوتەی باپیری منداڵەکان "باوکی منداڵەکان دوای رووداوەکە تووشی شۆک بووە، بەجۆرێک ناتوانێت هیچ قسەیەکیش بکات".

لەبارەی چۆنییەتی بردنی منداڵەکان لە ماڵی ئەوانەوە حاجی عەلی ئاشکرای کرد "کاتژمێر پێنجی هەیینی، خوشکەکەی پەیوەندی بە ماڵی ئێمەوە کردووە و گوتوویەتی خوشکەکەم دەیەوێت تەنیا پێنج خولەک منداڵەکانی ببینێت"، دواتر ئەوە روویدا و لەسەر پردەکە بێڕەحمانە فڕێیدانە خوارەوە.
پۆلیسیش ڕاگەیاندووە کە ژنەکە  وتوویەتی "ویستم تۆڵە لە مێردەکەم بکەمەوە".

ئەم ڕووداوەش لەسەر ئاستى عێراق کاردانەوەى توند لێکەوتەوە و هاوڵاتیان وەک کارێکی دوور بە بەها مرۆڤایەتیەکان و تاوانێکى گەورە ناویانبرد.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا