قوباد تاڵەبانی: ژنان دیوە جوانەكەی ژیانن و بە پشكنینی پێشوەختە دەتوانن دووربن لە شێرپەنجەى مەمک

کوردستان 19/10/2020

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، ژنان دیوە جوانەكەی ژیانن و بە پشكنینی پێشوەختە دەتوانن دووربن لە شێرپەنجەى مەمک و خاوەنی تەندروستییەکی باشبن.

قوباد تاڵەبانی جێگڕی سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە مانگی هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەربارەی شێرپەنجەى مەمک و لە بەشداری پێشانگەیەکدا، وتی، " ژنان كە دایك و خوشك و هاوژین و هاوڕێمانن، دیوە جوانەكەی تری ژیانن، بە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك، دەتوانن لە تەندروستی خۆیان دڵنیا بن. لە ئێستادا ڕێگاکانی چارەسەر زۆرن، بە هەوڵ و لێبڕانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، چیتر شێرپەنجە یەكسان نییە بە مردن."

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت "ئەم مانگە كە تایبەتە بە ھۆشیاركردنەوەی خەڵک لەبارەی شێرپەنجەی مەمكەوە، بە چیرۆكی خاتونێكی جەنگاوەر و بەخشندەی ناساندین کە بەسەر شێرپەنجەدا زاڵ بووە، ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە لە نەخۆشخانەی هیوا بە سەرسامی و سوپاسەوە ئامادەی دەستپێشخەرییەكەی بووین".

جێگری سەرۆکى حکومەت ڕاشیگەیاند، "ھێڤی خان لە جیاتی ئەوەی چۆک بۆ شێرپەنجە دابدات، پرچەکانی خۆی کردە فڵچە و کۆمەڵێک تابلۆی هونەری پێ نەخشاند. ئەمڕۆش داهاتی تابلۆ ڕەنگینەكانی بەخشی بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کە هێشتا لە قۆناغی بەرگریدان، خوازیارم هەموومان ئیلهام لە كۆڵنەدان و گیانی بەرزی هاوكاری و هەستی مرۆڤدۆستانەی ئەو وەربگرین".

ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر لە هەرێم ڕێژەیەکی زۆری ژنان بە هۆی شێرپەنجەى مەمکەوە ساڵانە گیانیان لەدەستدەدا بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی پێشکەوتنى بوارەکانی چارەسەر ئەو ڕێژەیە زۆر کەمی کردووە.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا