لە میانەى سەردانەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ فەڕەنسا، چەند پەیماننامەیەکى
لێکتێگەیشتن لە بوارەکانى گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و خوێندنى باڵادا لە نێوان
ئەو دوو وڵاتەدا واژۆکران.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ حکومەتى عێراق بڵاویکردەوە ئاماژە بەوەکراوە،
مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەسەردانەکەیدا بۆ فەڕەنسا چەندین کۆبوونەوە و
چاوپێکەوتنى لەگەڵ سەرۆک و گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتەدا ئەنجامداوە و سەردانەکەش دەستکەوتى
باش و مێژوویى بۆ گەلى عێراق دەبێت.
بەیاننامەکەى حکومەتى عێراق راشیگەیاندووە، لەسەردانەکەى شاندى حکومەتى عێراقدا
بۆ فەڕەنسا، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق و هاوتا فەڕەنسییەکەى پەیماننامەیەکى لێکتێگەیشتن
و هەماهەنگیکردنیان واژۆ کردووە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر بوژاندنەوەى کەرتى
کشتوکاڵى عێراق لەلایەن کۆمپانیا فەڕەنسییەکانەوە و وەزارەتى کشتوکاڵى فەرەنسا بە
پێدانى ئامێر و کەلوپەلى کشتوکاڵى، پشتگیرى و هاوکارى ئەو کەرتە بکات لە عێراق.
هاوکات، وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى فەڕەنسا خۆشحاڵى خۆى بۆ دروستکردنى
هێڵى ئاسنینى شەمەندەفەر و پشتگیریکردنى کەرتى گواستنەوە لە عێراق دەربڕیوە، لەوبارەیەوە
لەگەڵ وەزیرى گواستنەوەى عێراق نوسراوى لێکتەگەیشتنیان واژۆ کردووە.
بە پێى بەیاننامەکەى حکومەت، هەر لەو سەردانەى کازمى و شاندى یاوەریدا بۆ فەڕەنسا،
نوسراوى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزیرى خوێندنى ئەو وڵاتە و حەمید غززى سکرتێرى گشتى
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق واژۆکراوە و بڕیارە زانکۆکانى فەڕەنسا پرۆسەى وەرگرتنى
خوێندکارانى عێراق فراوان بکەن و کارئاسانى بۆ پێدانى کورسى خوێندن بە خوازیارانى
عێراق بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێوارەى دوێنێ یەکشەممە مستەفا
کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى یاوەرى لە میانەى زنجیرەیەک سەردان بۆ وڵاتانى
ئەوروپا، گەیشتنە پاریسى پایتەختى فەڕەنسا و بڕیاریشە لە رۆژانى داهاتوودا سەردانى
هەریەکە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا بکەن.