ماوەی زانکۆلاین ٢٤ کاتژمێر درێژکرایەوە

کوردستان 19/10/2020

Alternate Text

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماوەى زانکۆلاینى بۆ ٢٤  کاتژمێری داهاتوو درێژدەکاتەوە.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلێدوانێکیدا رایگەیاند، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردووەتەوە یان تەواویان نەکردووە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین (٢٤) کاتژمێری دیکە واتە تا سەعات (١٢)ی شەوى رۆژى سێشەمە رێکەوتى (٢٠٢٠/١٠/٢٠) بۆ دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچووان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتە و فۆرمى زانکۆلاین تەواوبکەن.

عەباس ئەکرەم راشیگەیاندووە، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچووانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردووەتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو ٢٤ سەعاتەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوە و تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا