سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتى نوێى سودان ئامادە بێت
٣٣٥ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە کەسوکارى ئەو ئەمریکییانە بدات کە بە دەستى
"تیرۆرستان" کوژراون، ئەوا ناوى سودان لە لیستى وڵاتانى "پشتیوانى
تیرۆر" دەردەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە نوێترین تویتیدا لە
بەرامبەر دەرهێنانى ناوى سودان لە لیستى وڵاتانى "پشتیوانى تیرۆر"، مەرجى
پێدانى ٣٣٥ ملیۆن دۆلارى بۆ حکومەتى سودان داناوە کە دەبێت بە کەسوکارى ئەو ئەمریکییانەى
بدات کە بە وتەى ترەمپ قوربانى دەستى تیرۆرن، دەشڵێت، ئەوە چەسپاندنى دادپەروەرییە
بۆ گەلى ئەمریکا و هەنگاوێکى باشیش دەبێت بۆ حکومەتى خەرتوم.
ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، لە بارەى دەرهێنانى ناوى سودان لە لیستى
وڵاتانى ناوبراو، واشنتن لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى خەرتوم بۆئەوەى هەنگاو
بەرەوە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بنێن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى زیاتر لە ١٠ ساڵە سودان
لە لایەن ئەمریکاوە بە یەکێک لە وڵاتانى پشتیوانى گروپە چەکدارەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست
(پشتیوانانى تیرۆر) ناوى براوە.