کازمی بۆ مێرکڵ: چاوەڕێی پاڵپشتی دارایین بۆ هەڵبژاردنێکی راستگۆ و سەربەخۆ

عێراق 20/10/2020

Alternate Text

لە میانەی گەشتەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چاوی بە ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری  ئەڵمانیا کەوت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵ، رایگەیاند، سەردانی بەرلینی کردووە تا جەخت لە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان عێراق بکاتەوە لەگەڵ ئەڵمانیا و پاڵپشتی ئێستای ئەڵمانیا بۆ گەلی عێراقی لە هەموو کاتێک بەسوودترە.

 کازمی ئاماژەیبەوەدا پلانی هەیە پرۆژەی چاکسازی و بنیاتنانەوەی ئابووری و ژێرخانی عێراق بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بە یارمەتی ئەڵمانیا،  وتیشی قۆناغی دووەمی چاکسازی لە سێکتەری کارەبادا نزیکبووەتەوە.

مستەفا کازمی لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا روونی کردەوە، دڵخۆشە بە هەوڵە ئەمنی و سەربازیەکانی نێوان عێراق و ئەڵمانیا، وتیشی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی سەربەخۆی پاک پێویستی بە پاڵپشتی دارایی ئەڵمانیا دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەنگێلا مێرکڵ هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی لە چاکسازی ئابووریدا بە هەنگاوێکی باش لەقەڵەمدا و پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ کازمی دووپاتکردەوە، هەروەها ئەنگێلا مێرکل ئاماژەی بەوەشدا کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە متمانەی خەڵك دەبەخشێتەوە بە حکومەتی عێراقی.

ئەمە لە کاتێکدایە بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و چەند وڵاتێکی ئەوروپا، مستەفا کازمی سەردانی هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیای کردووە و بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سەردانێکدا بۆ بەڕیتانیا چاوی بە چەند بەرپرسێکی باڵای بەڕیتانیاش بکەوێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا