ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سپەیس ئێكس لە بواری
گەشتی بۆشایدا، رایگەیاند پرۆژەی گەیاندنی ئینتەرنێت بۆ ناوچە دوورە دەستەکانی جیهان
هەنگاودەنێت بەرەو بوون بە راستی.
پڕۆژەکە ناوی ستارلینکە و دەبێتە هۆی بەردەستبوونی
ئینتەرنێت لە تەواوی جیهاندا بە خێراییەکی زۆر و نەبوونی سنووری بەکارهێنان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئیلۆن مەسک رایگەیاند، پرۆژەی ئینتەرنێت
لە بۆشایی ئاسماندا (ستارلینک) ئامادە دەبێت بۆ کارپێکردن دوای هەڵدانی کۆتا
ژمارەی مانگە دەستکردەکانی ستارلینک.
لەم هەفتەیەدا کۆمپانیای سپەیس ئێکس، ٦٠ مانگی دەستکردی
دیکەی ناردووەتە بۆشایی ئاسمان کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی پڕۆژەکەوە ٨٠٠ مانگی
دەستکرد، نێردراوەتە دەرەوەی زەوی، هەروەها مەسک وتیشی بە ناردنی ٦٠ مانگە دەستکردەکە
دوابەدوای گەیشتنیان بە خولگەی زەوی و جێگیربوونیان، دەتوانن کار بە سیستمەکە
بکەن لە ویلایەتە یەکگرتوەکان و باشوری کەنەدا.
جێی باسە پێشتر و لە کاتی ئاگرەکەی شاری ماڵدن لە
ویلایەتە یەکگرتووەکان، کار بە سیستمەکە کرا لەلایەن دەزگاکانی خزمەتگوزاری
لەناکاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان.
بەپێی وتەکانی ئیلۆن مەسک، بۆ بەردەستکردنی
ئینتەرنێتی خێرا و بێسنوور بۆ هەموو
جیهان، پێویستە بەدەیان هەزار مانگی دەستکرد بنێرینە بۆشایی ئاسمان بۆ خولگەی
زەوی، بەڵام پێویستمان بە رەزامەندی دەوڵەتەکان دەبێت.