دانیشتوانى گەڕەکى
کانى سپیکەى سلێمانى دژى رووخاندنى خانووەکانیان لەلایەن شارەوانییەوە گردبوونەوە و
داوایانکرد حکومەت بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.
ئەمڕۆ بەشێک لە هاوڵاتیانى دانیشتوى گەڕەکى کانی سپیکەى شارى سلێمانى
گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و داوایانکرد، حکومەت بڕیارى رووخاندنى خانووەکانیان رابگرێت،
یاخود قەرەبوویان بکاتەوە، دەشڵێن، دانیشتووانى ئەو گەڕەکە زۆرینەیان دەستکورت و
هەژارن بۆیە پەنایان بۆ کڕینى ئەو خانووانە بردووە کە تاپۆیان نییە.
یەکێک لە بەشداربووانى گردبوونەوەکە دەڵێت، "خانووەکان بەناوى هەر کەسێکەوە
تۆمارکرابێت ئەوا لایەنى پەیوەندیدار بانگهێشتى دەکات و دواتر دەستگیر دەکرێت، بۆ ماوەى ١٣ رۆژە یەکێک لە دانیشتوانى ئەم گەڕەکە
دەستگیرکراوە و شەوى رابردووش خانووەکەى روخێنراوە".
ئەو هاوڵاتیانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، خۆیان دەزانن کە خانووەکانیان
زێدەڕۆیە، بەڵام بە وتەى ئەوان، شارەوانى چاوپۆشى لە بەشێکیان دەکات و بەشێکى
دیکەشیان دەڕوخێنێت، داواشدەکەن لایەنى پەیوەندیدار بە دادپەروەرى یەکسانى لەو
بابەتە بڕوانێت و هەموو خانووەکان وەک یەک مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى چەند رۆژێکە شارەوانى سلێمانى دانیشتووانى
خانووە زێدەڕۆکانى گەڕەکى کانى سپیکەى ئاگادارکردووە کە خانووەکان چۆڵبکەن و
شارەوانى دەست بە روخاندنیان دەکات.