لە رێگەى نوسراوێکەوە
ژمارەیەک لە ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان داوایان لە سەرۆکایەتى پەرلەمان کردووە لە ئاشکراکردنى چارەنوسى رۆژنامەنوس
شیروان شێروانیدا رۆڵی یاسایى خۆى ببینێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ى
تشرینى یەکەم، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى کوردستان لە رێگەى کۆکردنەوەى واژۆوە،
لەبارەى دۆسییەى دەستگیرکردنى رۆژنامەنوس شیروان شێروانییەوە، چەند داواکارییەکیان
ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرد و داوایانکرد بەزووترین کات سەردانیکردنى ئەو
رۆژنامەنوسە دەستگیرکراوە بۆ کەسوکارو پارێزەرانى و پەرلەمانتارانیش بڕەخسێت،
پەرلەمانتارەکان دەشڵێن، ئەوان دەیانەوێت لە نزیکەوە شێوازى بەڕێوەچو,نى لێکۆڵینەوەکان و رەوشى ژیانى شێروانى
بزانن.
لە نوسراوەکەى ئەو
پەرلەمانتارانەدا کە ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانیان کردووە، داواکراوە دیندار زێبارى لەبارەى
ئەو تۆمەتانەى ئاراستەى شێروانى کردبوو بەڵگە بۆ پەرلەمانتاران بخاتەڕوو.
ئاماژەیان
بەوەشکردووە، بەهۆى ئەوەى شیروان شێروانى رۆژنامەنوس بووە و لە هەمانکاتدا
سەرنوسەرى گۆڤارێکیش بووە، رەنگە تۆمەتى بۆ دروستکرابێت، بۆیە دەبێت بە پێى بڕگەى
ژمارە ٣٥ ى ساڵى ٢٠٠٧ لە یاساى کارى رۆژنامەگەرى مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.
ئەوەش لە کاتیکدایە،
رۆژى ٧ى ئەم مانگە رۆژنامەنوس شیروان شێروانى لە لایەن هێزێکى ئەمنییەوە لە
ماڵەکەى خۆیدا لە هەولێر دەستگیرکرا.