وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامان رایگەیاند، ناکرێت مووچەکانیان بخورێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەم، سامان حسێن سەرۆکی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان لەگەڵ کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبووەوە، و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا راپۆرتێک بدرێتە وەزارەتی دارایی سەبارەت بە کێشەی مووچەی کەمئەندامان.
هاوکات وەزیری کار و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی جەختیلەوەکردووەتەوە، نابێت موچەی ١٢ مانگی ساڵی رابردووی ٨٩ هەزار کەمئەندام بخورێت.
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان و خراپی گوزەرانی کەمئەندامان چەند رۆژێک لەمەوبەر یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست و دواتریش سەردانی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان کرد و داوایانکرد بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێن.