١٠ ملیۆن دینار پێشینە بەو پیاوانە دەدرێت کە ژنى دووەم دەهێنن

عێراق 21/10/2020

Alternate Text

بانکى رەشید رایگەیاند، بڕیاردراوە بڕى ١٠ ملیۆن دینار وەک پێشینەى هاوسەرگیرى بەو پیاوانە بدرێت کە بۆ جارى دووەم هاوسەرگیرى دەکەن.

 ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ى تشرینى یەکەم، نوسینگەى راگەیاندنى بانکى رەشیدى عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیارى پێدانى پێشینەى هاوسەرگیرى سەرجەم گەنجان و فەرمانبەران و کاسبکاران دەگرێتەوە و بڕى پێشینەکەش ١٠ ملیۆن دینارە، لە بەیاننامەکەى بانکى رەشیدا ئاماژە بەوەکراوە، پێدانى ئەو بڕە پارەیە وەک پێشینەى هاوسەرگیرى، ئەو پیاوانەش دەگرێتەوە کە بۆ جارى دووەم هاوسەرگیرى دەکەن، بە مەرجێک پێشتر ئەو جۆرە پێشینەیەی وەرنەگرتبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارى پێدانى پێشینەى هاوسەرگیرى پاش ئەوە دەرچووە کە ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان داوایان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، بانکەکەش رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە پڕۆژەى خزمەتگوزارى بە گەنجان  و سەرجەم چین و توێژەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێى یاساى ژمارە ١٨٨ى ساڵى ١٩٥٩ ى عێراقى لە یاساى بارى کەسێتى، رێگە بە هێنانى ژنى دووەم، سێیەم و چوارەم دراوە بەو مەرجەى پیاو تواناى نەفەقە و پاراستنى دادپەروەرى لە نێوان هاوسەرەکانیدا هەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا