مەلا مەزهەر رایگەیاند، بڕیارى پێدانى پێشینەى ١٠ ملیۆن دینار بۆ
هاوسەرگیرى دووەم لەلایەن بانکى رەشیدەوە، بڕیارێکى تەواو راست و ژیرانەیە و داواش
لە ئافرەتانى قەیرە و بێوەژن دەکات پشتگیرى بڕیارەکە بکەن.
لەبارەى بڕیارەکەى ئەمڕۆى بانکى رەشیدى عێراقەوە، مەلا مەزهەر خۆراسانى
مامۆستاى ئاینى بە میدیاکانى راگەیاند، ئەو بڕیارەی کە بانکی رەشید داویەتی
"بڕیارێکی زۆر ژیرانە و راستە"، چونکە بەشێکی زۆر لە بێوەژن و قەیرانەکان
رزگاریان دەبێت لە تەنیایی، بۆیە ئەو بڕیارە لە شوێنى خۆیدایە.
ئەو مامۆستا ئاینییە داواشى لە پەرلەمان و حکومەتى هەرێم کرد، ئەوانیش بەهەمان
شێوەی حکومەتی عێراق بڕیارێکی لەم جۆرە دەربکەن، "بۆ ئەوەی ژن و کچانی هەرێمی
کوردستانیش لە قەیرەیی و بێوەژنی رزگاریان بێت."
هاوکات مەلا مەزهەر داواى لە کچانی گەنجى کوردستان کرد، ئەو بڕیارە بە هەند
وەربگرن، چونکە "ئەگەر بێت و بڕیاری لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان نەدرێت، ئەوانیش
قەیرە دەبن."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکى رەشید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەو
کەسانەى بۆ جارى دووەم هاوسەرگیرى دەکەن
بڕى ١٠ ملیۆن دیناریان وەک پێشینە پێدەدرێت.