وتەبێژى حکومەتى هەرێم لەبارەى پابەندبوونى هەرێم بە رێککەوتنى ئۆپیک
پڵەسەوە بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و
رایگەیاند، ئەگەر حکومەتى فیدراڵى عێراق شایستە داراییەکانى پی بدات، هەرێم
ئامادەیە بڕى بەرهەمهێنانى نەوت کەمبکاتەوە.
دەقی روونکردنەوەکەى حکومەتى هەرێم..
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پابەندبوونی
حکومەتی هەرێم بە رێككەوتنی ئۆپێک پڵەس.
حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بووە لەژێر
رۆشنایی بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس (+OPEC) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە
و بەو بڕەی لە كێڵگەكان بەرهەمهێنراوە.
وەك ئاشكراشە بەرهەمی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان رێژەكەی لە 10% تێپەڕناكات
لەكۆی بەرهەمی گشتیی عێراق.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نییە بەپێی رێژەیەكی
دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەر بكرێت، بەرانبەر ئەوە حكومەتی
فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە
لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوەببات و ناشتوانێت
خەرجییە سەرەكییەكانی خۆی دابینبكات، لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران، هەروەها
بودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لە قەرەبووی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی
فیدراڵەوە لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانە كەمكرایەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی
ئاستی داهاتی نانەوتی بەهۆی كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا (كوفید- 19) و نەناردنی بەشە
موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج و شەش و حەوتی
2020.
ئەم بارودۆخە پێویستی بەوەیە حكومەتی فیدراڵ رەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی
كوردستان بكات، كە لە شوباتی 2014ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت.
ئەوەی شیاوی باسە، لەم بارەیەوە لە رۆژی 18-4-2020 رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی
فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، شاندی حكومەتی فیدراڵ کە لە جێگری سەرۆك
وەزیران بۆ كاروباری وزە – وەزیری نەوتەوە سەرۆكایەتی كرا و، شاندی حكومەتی هەرێمی
كوردستانیش لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە سەرۆكایەتی كرا، ئەم رێككەوتنە لە
كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا و، هەردوولاش دووپاتیان کردەوە پێویستە رەچاوی
دادپەروەری بكرێت لە دەستنیشانكردنی رێژەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە
هەرێمی كوردستان و، لەسەر بنەمای رێژەی كۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق بێت و، نەبێتە
هۆكارێك بۆ زیانی زیاتری ماددی بۆ هەرێمی كوردستان.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٢ ئوکتۆبەر ٢٠٢٠