ڕۆژئاوای کوردستان.. هەوڵی تیرۆرکردنی دوو سەرکردەی ناودار درا

کوردستان 22/10/2020

Alternate Text

هەریەکە لە ساڵح موسلیم و ئاڵدار خەلیل هەردوو سەرکردەی دیاری رۆژئاوای کوردستان لە هەوڵێکی تیرۆرکردن دەربازیانبوو.

ئاژانسی رۆژنیوزی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا سیخوڕێکیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیاوە بۆ تیرۆرکردنی ئەو سیاسەتمەدارانە راسپێردراوبوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، "سیخوڕێک بەناوی (س . ع) تەمەن ٥٥ ساڵ، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئاسایشدا دەستگیرکراوە، دانی بە چەندین پیلانی مەترسیداردا ناوە، کە لەلایەن میتی تورکیاوە بۆی داڕێژراوە".

بە پێی  ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەو سیخوڕە لە سەرەتاکانی شۆڕشدا لەنێو ڕیزەکانی ئاسایشدا بووە و دواتر بووەتە شۆفێری بەرپرسێکى باڵا، دانی بەوەدا ناوە، چاوی بە سیخوڕەکانی میتی تورک کەوتووە و داوایان لێکردووە، کە کاری سیخوڕییان بۆ بکات.

ئەو سیخوڕە هەروەها رایگەیاندووە،  میت داوای لێکردووە، لەسەر شوێنی مانەوەی ئاڵدار خەلیل ئەندامی کۆنسەی بەڕێوبەریی پەیەدە و ساڵح موسلیم، زانیارییان بۆ بنێرێت، هەروەها لەسەر شوێن و ناوەندەکانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیک و خاڵەکانی هەسەدە بە جی پی ئێس شوێنەکانیان ئاشکرا بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی دوو ساڵە تورکیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و تا ئێستاش  سەدان هاوڵاتی ئەو ناوچانە شەهیدبوون.


ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا