وا بڕیارە سبەی شەممە مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان دەستبکەنەوە بە خۆپیشاندان
و جەخت لەوە دەکەنەوە کە بایکۆت ناشکێنن.
لە راگەیەندراوێکدا، مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان بڵاویانکردووەتەوە، لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، کۆبونەتەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی پەروەردەی
سنوری ئیدارەی گەرمیان و کەلار، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا زۆرینەی بەڕێوەبەرەکان داوای
شکاندنی بایکۆتیان کردووە سەرباری ئەوەی کە هەمان ئەو بەڕێوەبەرانە واژووی بایکۆتی
خوێندنیان کردووە تاکاتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، بەڵام پەشیمان بوونەتەوە لە
ژێر فشاری حکومی و حزبیدا.
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان باسیانلەوەکردووە، بایکۆت ناشکێنن و رەتیدەکەنەوە دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەن لە
سنورەکەدا، هەر بۆیە بڕیاریان داوە سبەی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەم ،کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی
لەبەردەم پەروەردەی کەلاردا دەستبکەنەوە بە خۆپشاندانەکان تا کاتی جێبەجێکردنی
داواکاریەکانیان.