عێراق..موچەى چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێک رادەگیرێت

عێراق 24/10/2020

Alternate Text

دەستەى دەستپاکى عێراق رایگەیاند، موچەى سەرجەم ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە رادەگیرێت کە تائێستا فۆڕمى ئاشکراکردنى سەروەت وسامانەکەیان پڕنەکردووەتەوە.

 ئاژانسى ئەلعراقیە بڵاویکردەوە، دەستەى دەستپاکى عێراق راگرتنى موچەى ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەى راگەیاندووە کە تائێستا ئامادە نەبوون سەروەت و سامانەکەیان ئاشکرابکەن و فۆڕمى تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە پڕ نەکردووەتەوە، ئەو بڕیارەش ژمارەیەک لە وەزیر و ئەندامانى پەرلەمان و بەرپرسانى دیکەى حکومەتى فیدراڵى دەگرێتەوە و هەتا سەروەت و سامانەکانیان بۆ دەستەى دەستپاکى عێراق ئاشکرانەکەن حکومەت موچەکانیان پێنادات.

دەستپاکى عێراق ئاماژەى بەوەشکردووە، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و کەمکردنەوەى بڕى هەناردەکەى بە پێى بڕیارەکانى ئۆپیک، لە ئێستادا عێراق کێشەى دارایى هەیە و میزانییەى دەوڵەت کەمبووەتەوە، بۆیە پێویستە ئیدارەى حکومەت زیاتر چاوکراوە بێت لە راگرتنى گەندەڵییەکان و بەهەدەردانى سامانى گشتى.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ وە لەسەرجەم کابینەکانى حکومەتى عێراقدا دەستەى دەستپاکى فۆڕمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامان بە پەرلەمانتاران و وەزیر و بەرپرسانى حکومەت پڕدەکاتە، بەڵام ئەمجۆرە رێکارە ئیدارى و رەقابییە لە هەرێمى کوردستان پەیڕەو ناکرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا