ئەمڕۆ ئەنجومەنى نوێنەران کۆدەبێتەوە

عێراق 24/10/2020

Alternate Text

ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیارە بابەتى قەرزکردنى حکومەت و پڕکردنەوەى  بودجەى تەشغیلى و چەن تەوەرێکى دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.

 بەشى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق کارنامەى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى بڵاوکردەوە و بڕیارە نیوەڕۆى ئەمڕۆ دانیشتنەکە دەستپێبکات و بابەتەکانى قەرزکردنى حکومەتى عێراق و یاساى  سندوقى پاڵپشتى بەشەناوخۆییەکانى خوێندنى باڵا و چەند تەوەرێکى دیکە تاوتوێبکرێن.

بە پێى ئەو خشتەى کارەى پەرلەمانى عێراق بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە لە دانیشتنى ئەمڕۆدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازە یاسى کۆمەڵکوژى یەزیدییەکان بکرێت.

لاى خۆشییەوە حەسەن ئاڵى ئەحمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە BMC راگەیاند، بڕیارە پەرلەمانتاران بابەتى قەرزکردنى حکومەت بۆ پڕکردنەوەى بودجە و کورتهێنان تاوتوێبکەن، لەبارەى پرسى موچەشەوە ئەوپەرلەمانتارە ئاماژەى بەوەکرد، حکومەتى عێراق بڕیاریداوە ئەم مانگە موچە دوانەکەوێت و ئەگەر پەرلەمان دەنگ بە یاساى قەرزکردنەکە بدات ئەوا حکومەت دەستى کراوە دەبێت بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگى رابردوو بۆ یەکەمجار پێدانى موچەى فەرمانبەرانى عێراق چەند رۆژێک دواکەوت، بۆ چارەسەرکردنى کێشە دارایەکانیش حکومەتى عێراق پێشیازى قەرزکردنى داوەتە پەرلەمان و بڕیارە ئەمڕۆ ئەو بابەتە لە هۆڵى پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا