بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی رایگەیاند، داوای یاسایی لەدژی هونەرمەند سالار مەحمود تۆمارکردووە بە تۆمەتی دروستکردنی پروپاگەندە لەسەر کارمەندەکانیان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، بەڕێوبەرایەتی نشینگەی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، هونەرمەند (سالار محمود ) لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا گرتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردۆتەوە، كە تیایدا باس لە هەڵسوكەوتی ئەفسەران و كارمەندانی بنكەی نشینگەی فرۆكەخانەی سلێمانی دەكات لەبەرامبەر ئافرەتاندا، كە گوایە بە ئەنقەست و بە بیانووی ساختەی پاسپۆرتەوە رایاندەگرن، ئێمە سەرلەبەری ئەو قسانە رەتدەكەینەوە.
روونیشیکردووەتەوە بە هەموولایەكی رادەگەیەنین ئەوەی هونەرمەندی بەڕێز( سالار مەحمود) باسیدەكات، رێکكاری یاساییە و لەبەرامبەر هەموو گەشتیارەكاندا جێبەجێ دەكرێت.
ئاشکراشیکردووە، هەفتەی پێشوو ئافرەتێك كە كچی ئەو هونەرمەندەیە، لە كاتی گەشتكردندا لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لە لایەن ئەفسەران و كارمەندانەوە ئەركە فەرمیەكانیان بەوپەڕی رێزەوە بۆجێبەجێكردووە، وەك هەموو ئەو گەشتیارێك، تەنها بۆ بەراوردكردنی نێوان وێنەی سەر پاسپۆرتەكە و خۆی داواكراوە دەمامكەكەی لابەرێت، بەڵام كچی هونەرمەند (سالار محمود) سوكایەتی بە ئەفسەران و كارمەندانمان كردووە، لەوەش زیاتر لە نێو تەرمیناڵ سوكایەتی و بیڕێزی بە كارمەندانی بەشەكانی دیكەی فڕۆكەخانە و حكومەتی هەرێم كردووە.
نشینگەی سلێمانی جەختیلەوەشکردووەتەوە، لە بنكەی نشینگەی فڕۆكەخانە سكاڵای یاسایمان لەسەر هونەرمەند ( سالار مەحمود) تۆماركردووە، داوا دەكەین تۆمەتەكانی لە دادگا بسەلمێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر سالار مەحمود لەرێگەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە چەندین تۆمەتی دژی کارمەندانی بەشی نشینگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکردەوە.