کێ براوەیە، ترەمپ یان بایدن؟ تیشکێک بۆ سەر سیستەمی هەلبژاردنی ئەمریکا

دۆسیە 25/10/2020

Alternate Text

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر دوا دیبەیتی راستەوخۆی ترەمپ و بایدن ئەنجام درا. هەردوو کاندیدەکە تەنها ١١ رۆژییان لەبەردەمدا ماوە تا متمانەی دەنگدەری ئەمریکی بەدەست بێنن. کێ شانسی بردنەوەی متمانەی ئەمریکییەکانی هەیە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە لەبەر هۆکارێکی سەرەکی: ئاڵۆزی پرۆسەی (سیستەم)ی هەڵبژاردن لە ئەمریکا. بۆ تێگەیشتن لەسیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا با لە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ دەست پێبکەین.

لەو هەڵبژاردنەدا هیلاری کلینتۆن دوو ملیۆن دەنگی لە ترەمپ زیاتر هێنا. بەڵام ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا. هۆکارەکەی چییە؟ سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکی نە هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی وڵاتە لەلایەن دەنگدەرانەوە و نە هەڵبژاردنیشیەتی لە لایەن کۆنگرێسەوە، پرۆسەیەکە لەنێوان هەردووکیدا. ئەمریکییەکان راستەوخۆ دەنگ بە سەرۆک نادەن، دەنگ بە نوێنەرەکانییان دەدەن کە بە هەیئەتی هەڵبژێرەکان دەناسرێن.

هەیئەتی هەڵبژێرەکان چییە؟ ئەم هەئیەتە لە ٥٣٨ کەس پێکدێت کە نوێنەرایەتی ترەمپ و بایدن دەکەن. ئەندامانی ئەم هەیئەتە لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا هەڵدەبژێردرێن و ئەوانیش سەرۆک هەڵدەبژێرن، بۆیە ئەم ئەندامانە بە هەلبژێر ناسراون.

دەنگدەرانی ترەمپ دەنگ بە نوێنەرەکانی ترەمپ دەدەن و هی بایدنیش بە بایدن. هەر کامێک لەو دوو کاندیدە ٢٧٠ هەلبژێری لەلایەن دەنگدەرەوە هەڵبژێردرێت ئەو کاندیدە براوەی پۆستی سەرۆکایەتییە. هەر ویلایەتە و هەڵبژێری خۆی هەیە هەر ویلایەتێک ژمارەیەکی دیاریکراوی هەڵبژێری هەیە کە یەکسانە بەژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەو ویلایەتە.

کالیفۆرنیا ٥٥ هەڵبژێری هەیە و تەکساس ٣٨ و هەریەک لە نیویۆرک و فلۆریداش ٢٩ ئەندام. لەبەرامبەردا ٧ ویلایەت، کە بریتین لە ئالاسکا، دەلاوەیر، مۆنتانا، داکۆتای باکور و داکۆتای باشور، وێرمەنت و ویۆمینگ، یەکی تەنها ٣ هەڵبژێری هەیە.

ئاڵۆزییەکە لێرە دایە... بێننە پێشچاو، کۆی ژمارەی هەڵبژێر لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، تەکساس، نیویۆرک و فلۆریدا ١٥١ هەلبژێرە و کۆی هەلبژێرەکانی ٧ ویلایەتەکەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدان تەنها ٢١ هەلبژێرە.

گریمان تەنها ٤٠٪ی دەنگدەرانی چوار ویلایەتی یەکەم بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و هەڵبژێرەکانی کاندیدی (آ) لەو چوار ویلایەتەدا ٦٠٪ی دەنگەکانییان هێنا. لەو حاڵەتەدا، ئەو کاندیدە ٩١ هەلبژێر ، واتە (٩١) دەنگی مسۆگەرە. بەهەمان شێوە، گریمان لە ٧ ویلایەتەکەی تریشدا ٨٠٪ی دەنگدەر بەشدارە و کاندیدی (ب)ش ٦٠٪ی دەنگەکانی هێنا کۆی ژمارەی هەڵبژێری ئەم کاندیدە تەنها ١٢ هەلبژێرە. بەم جۆرە، نایەکسانییەک لە نێوان کۆی ژمارەی هەلبژێر و کۆی ژمارەی دەنگدەرانی هەردوو کاندیدەکە دروست دەبێت. ویلایەتە کلیلییەکان ئەو ویلایەتانەن کە باڵانسی هەڵبژاردن دەگۆڕن.

نهێنی بردنەوەی ترەمپ لە هەلبژاردنەکانی ٢٠١٦ ، سەرەڕای ئەوەی دوو ملیۆن دەنگی کەمتر لە کلینتۆن هێنابوو، ئەو ویلایەتانە بوو. بایدن حاڵی خراپ نییە لە حاڵی حازردا و بەگوێرەی دوا راپرسییەکان، بایدن لە ٦ لەو ویلایەتە کلیلیانەدا لە پێشدایە کە لە ٢٠١٦ دا بوونە هۆی بردنەوەی ترەمپ، ئەوانیش هەریەک لە ئاریزۆنا بە رێژەی لە (٦٪)، فلۆریدا (٥٪)، میشیگان (٧٪)، کارۆلینا (٣٪) و پەنسلڤانیا (٢٪) و ویسکەنسن (٨٪). هەرچەند ئەم رێژانەی سەرەوە جێگیر نییە، بەڵام ئاماژەی باشن بۆ بایدن. خاڵێکی تر لەبەرژەوەندی بایدندایە ئەوەیە ئێستا زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس لەرێگای پۆستەوە دەنگیان داوە. چاوەروان دەکرێت لەسەرووی ٦٠٪ دەنگیان بۆ بایدن دابێت.

 

عادەتەن، لە دوا رۆژەکاندا، جیاوازی دەنگدەران لەنێوان هەردوو کاندیدا تەسک دەبێتەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات و دەنگدەر رای خۆیان لە بەرژەوەندی ترەمپدا بگۆڕن، بایدن هێشتا ئومێدی ئەو ٤٥ ملیۆن کەسەی هەیە کە دەنگیان داوە. هێشتا ترەمپ ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. ترەمپ لە ٢٠١٦دا و دوا رۆژەکانی هەڵبژاردندا کارتی ئیمەیلە تایبەتییەکانی هیلاری بەکارهێنا و کاریگەری هەبوو.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵیش دەست بۆ کارتی لەو جۆرە دژی بایدن بەرێت. خاڵێکی تر لەبەرژەوەندی ترەمپدا ئەوەیە کە لە هەفتەی رابردوودا توانی کەلێنی دەنگدەر لەنێوان خۆی و بایدن کەم بکاتەوە، جگە لەوە، سیستەمی هەڵبژێر لە ساڵی ٢٠١٦ لەبەرژەوەندی ترەمپ دابوو، ئێستاش هەمان ئەگەر کراوەیە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا