وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا داواى لە وڵاتانى ئیسلامى کرد، کاڵاو شمەکەکانى
بایکۆت نەکەن بە هۆى ئەو گرژییەى دواى دۆسییەى سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانى ئیسلامەوە
هاتووەتە ئاراوە.
پاش ئەو گرژییەى لەنێوان کۆمەڵگاى ئیسلامى و فەڕەنسیدا بەهۆى بڵاوکردنەوەى
وێنەى کاریکاتێرى بە پیرۆزییەکانى ئیسلام هاتووەتە ئاراوە، هەڵمەتى بایکۆتکردنى کاڵاى
فەڕەنسى لەلایەن وڵاتانى ئیسلامى و عەرەبییەوە دەستى پێکردووە، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا رایگەیاند، ‘’ئەو هەڵمەتەى بۆ بایکۆتکردنى
کاڵاى فەڕەنسى دەستیپێکردووە بێ بنەمایە و پێویستە رابگیرێت، هەڵمەتەکە وەکو هەموو
ئەو هێرشانەى دیکە وایە کە دەکرێتە سەر فەڕەنسا و کەمینەیەکى توندڕەویان لە پشتە‘’.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئیمانوێل ماکرۆنى سەرۆکى
فەڕەنسا رایگەیاندبوو، فەڕەنسا واز لەو وێنە کارکاتێرییانە ناهێنێت و بەڵینیشیدا رێوشوێنى
توند بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى ‘’بیرى توندڕەوى ئیسلامى‘’ لەو وڵاتە بگرێتەبەر.