سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی سودان رایگەیاند کە بە
لابردنی وڵاتەکەی لە لیستی تیرۆر، بواری ئابوری وڵاتەکە دەبوژێتەوە و پرۆسەی خۆشبوون لەو قەرزانەی لەسەر وڵاتەکەن دەستپێدەکات.
لە بەیاننامەیەکدا،سەرۆکوەزیرانی سودان رایگەیاند، لابردنی
سودان لە لیستی تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە، بەرهەمی یەک ساڵ لە دانوستان و گفتوگۆی
بەردەوام بووە و راشیگەیاند، کە بەم هەنگاوە سودان لە مێژووی ٣٠ ساڵ لە گۆشەگیری
نێودەوڵەتی دەچێتە دەر.
بە گوێرەی راگەیاندنەکە، پڕۆسەی لێخۆشبوونی قەرزەکانی
سەر سودان دەسپێدەکەن، لەرێگەی لێخۆشبوون لە قەرزی سەر وڵاتە هەژارەکان، کە چەند
ساڵێکە باری سەر شانی وڵاتەکەی قورس کردووە.
بڕی قەرزەکە زیاترە لە ٦٠ ملیار دۆلاری ئەمریکییە، کە
بەهۆی پشتگوێخستن و قەرزکردنە یەکلەدوای یەکەکان کۆبووەتەوە.
بە لابردنی سودان لە لیستی تیرۆر، وڵاتەگە دەگەڕێتەوە کایەی
بانکی نێودەوڵەتی و دەتوانێت سوود لە بەخشینە جیهانیەکان وەربگرێت بۆ گەشەپێدانی ئابوری.
لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی لە لیستی تیرۆردا بوون،
هاوڵاتیانی سودانی نەیاندەتوانی گەشت بکەن و لە وڵاتەکە بچنە دەرەوە، بەڵام ئێستا
دۆخەکە لە باشبووندایە و رێگەکانی چوونە دەرەوە دەکرێنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ
بڕیاری لابردنی سودانیدا لە لیستی ئەو وڵاتانەی تیرۆرستان لەخۆدەگرن.