سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەی سەردانی هەڵەبجە دەکەن

کوردستان 27/10/2020

Alternate Text

شاندێکی حکومەت سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگاردا ڕایانگەیاند، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی هەڵەبجە دەکەن.

ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە ئومێد سەباح، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا  لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت دەیەوێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان بەرنامەیەکی شەش مانگی دابنێت بۆ مانگی ١١ تا کۆتایی مانگی ٤ی ساڵی ٢٠٢١ بۆ ئەوەی بتوانن لەو ماوەیەدا زیاتر پەرە بە پارێزگاکان بدەن.

هاوکات ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند، شاندەکە بەڵێنیان پێداون کە لە نزیکترین کاتدا بەرهەمی سەردانەکەیان بۆ شارەکە بە شێوەیەکی بەرجەستە ببنینرێت.

 هەروەها نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە گفتوگۆکاندا باس لە بودجەی وەگەڕخستنی پارێزگاکان کراوە و پلانەکانیان پەسندکردوون و هەروەها قسەش لەسەر بودجەی وەبەرهێنان کراوە و گوتی، "دەمانەوێت لەم شەش مانگەدا زیاتر پەرە بە پارێزگاکان بدەین و ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکەین کە زۆر بە ژیانی هاووڵاتییانەوە پەیوەستن. ١١ پرۆژە پەسندکراون."

 ئاماژەی بەوەشکرد،  کە لە پارێزگای هەڵەبجە کێشەی کارگێڕی هەیە کە بەشێکیان پەیوەندییان بە پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە هەیە و گفتوگۆیان لە بارەی ئەوەوە کردووە کە بەسەر ئەو بابەتەدا زاڵ ببن. هەروەها دەسەڵاتی پێویستیشیان بە پارێزگار داوە کە کورتهێنانی میلاکات چارەسەر بکات.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، کە بەڵێنیان داوە پێداویستییەکانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن و هاوکات گوتیشی کە باسیان لە دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکی وەبەرهێنان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کردووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ پاریزگاکە رابکێشن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا