پەرلەمانتارێکى گۆڕان: بڕوامان بە وەڵامەکانى حکومەت هەیە

کوردستان 27/10/2020

Alternate Text

رزگار حەمد مەحمود پەرلەمانتارى گۆڕان رایگەیاند، لە ئێستادا نرخى نەوت دابەزیوە و قەیرانى دارایى لەهەرێم هەیە بۆیە باوەڕمان بە وەڵامەکانى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى و وەزیرى دارایى هەیە.

 لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ BMC ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان رایگەیاند، ئەو ئەندام پەرلەمانانەى گۆڕان کە دەنگیان بە کۆتایی پێهێنانى پرساندنەکەى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى دا، لەژێر فشارى سەرکردایەتى حزبەکەیاندا نەبوون و بە تەواوى بیروباوەڕى خۆیانەوە وەڵامەکانى حکومەتیان بە گونجاو و راست زانیوە و دەنگیان پێداوە، وتیشى، ئەوان لە دەنگدانەکەیاندا بارودۆخى دارایى ئێستاى هەرێم و دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنایان لەبەرچاوگرتووە.

سەبارەت بەوەى دەوترێت ئەو پەرلەمانتارانەى گۆڕان کە دەنگیان بە وەڵامەکانى حکومەت دا لە مەنهەج و رێبازى نەوشیروان مستەفاى رێکخەرى کۆچکردووى بزوتنەوەکە لایانداوە، رزگار حەمد رایگەیاند، ئەوان نوێنەرى خەڵکى هەرێمى کوردستانن و پەیڕەو و سیاسەتى گۆڕانیان جێبەجێکردووە و لە رێبازى رێکخەرى پێشووى گۆڕان لایان نەداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سەرۆک و جێگرى حکومەتى هەرێم و وەزیرى دارایى بە مەبەستى لێپرسینەوە لێیان چونە پەرلەمانى کوردستان و دواى خوێندنەوەى وەڵامەکانى حکومەت بۆ ئەندامانى پەرلەمان، فراکسیۆنى گۆڕان بۆ دوو بەرە دابەشبوون، بەشێکیان وەڵامەکانى حکومەتیان بە پاساوى راست و دروست نەزانى و هۆڵى پەرلەمانیان بەجێهێشت، لە بەرامبەردا بەشێکى دیکە لە پەرلەمانتارانى فراکسیۆنەکە دەنگیان بە وەڵامەکانى حکومەت دا و پێیان وابوو پاساوەکانى حکومەت لە جێى خۆیاندان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا