کەشناسی هەرێم روونکردنەوە لەبارەی وەرزی بارانبارینەوە دەدات

کوردستان 28/10/2020

Alternate Text

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، دەستپێکى وەرزی باران لە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دواى رێکەوتى ١٥ی تشرینی یەکەم و سەرەتاى مانگی تشرینی دووەم.

بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە وەرزی بارانبارین بڵاویکردووەتەوە: لە پارێزگاى هەولێر ساڵى رابردوو لە رێکەوتى ٢٥ی تشرینی یەکەم بارانبارین تۆمارکرا، بە رێژەى ٠،٣ ملم و لە رێکەوتى ٢٨ی تشرینی یەکەم ٢،١ ملم  بارانبارین تۆمارکرا.

ئاشکراشیکردووە، بەپێى ساڵەکان لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر دەستپێکى بارانبارین دەکەوێتە مانگى تشرینی دووەمەوە، هەندێک کاتیش باران پێش کەوتووە و لە سەرەتاى مانگى تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە.

سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی کەشناسی هەرێم ئاماژەی بۆئەوەداوە، یەکەم بارانبارینى پار ساڵ لە رێکەوتى ١٢ی تشرینی یەکەم دەستى پێکرد، لەم رێکەوتە ٠،٦ ملم بارى پاشان لە رێکەوتى ٢٠ی تشرینی یەکەم  باران بارینى تۆمارکراو گەیشتە ٢،٦ملم.

ئەوەی تایبەتە بە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە باسلەوەکراوە، سەنتەرى دهۆک دەستپێکى باران بارینى پارساڵى لە رێکەوتى١٩ی تشرینی یەکەم بوو کە ٥،٥ ملم بارى، سەنتەرى هەڵەبجەش  یەکەم باران بارینى لە رێکەوتى ١٢ی تشرینی یەکەم دەستى پێکرد. 
هەر  لە راپۆرتەکەی کەشناسی هەرێمدا هاتووە پارێزگاى کەرکوک، دەستپێکى بارانبارین لە سەنتەرى کەرکوک لە رێکەوتى ٢١ی تشرینی یەکەم دەستپێکرد.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا جەختلەوەکراوەتەوە، سەرەتاو دەستپێکى باران لە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە دواى ١٥ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک و سەرەتاى مانگى تشرینی دووەم، بەڵام هەندێک ساڵى دەگمەن هەبووە کەوتۆتە سەرەتاکانى مانگى تشرینی یەکەمەوە و باران پێش کەوتووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا