"سەردانتان بۆ کونسوڵخانەى فەڕەنسا هەڵەبوو رەنگە لە داهاتوودا ناچارى پینەکردنى ببن"

کوردستان 28/10/2020

Alternate Text

ئەبوبەکر کاروانى ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتووى ئیسلامى رایگەیاند، دەربڕینی پشتیوانی بۆ فەڕەنسا لەلایەن وەفدی فەرمی پەڕلەمانی کوردستانەوە لە سەردانیاندا بۆ کونسوڵگەری ئەو وڵاتە لە ھەولێر، کارێکی ھەڵەبوو.

 پاش ئەوەى ئەمڕۆ شاندێکى پەرلەمانى کوردستان بەسەرۆکایەتى هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان سەردانى کونسوڵخانەى فەڕەنسایانکرد و پشتیوانى خۆیان بۆ فەڕەنسا راگەیاند، ئەبوبەکر کاروانى ئەندامى سەرکردایەتى یەکگرتوو لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى "ھەڵەتان کرد".

کاروانى دەشڵێت، ژیری سیاسی و سەلیقەی دیبلۆماسی دەیخواست، جەختیان لەسەر پەیوەندی ھەردوولاو پێزانین بۆ رۆڵی فەرەنسا بەرامبەر بە ھەرێم لە رابردوو و بایەخی درێژە پێدانی ئەم پەیوەندیانە لەداھاتوودا بکرایەتەوە نەك دەربڕینی پشتیوانی، کە دوور نیە لەداھاتوودا ناچاری پینەکردنی ببن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، پرسەکە پەیوەندی بە ئایين و کەسێتی پێغەمبەرەوە(دخ) ھەیە و ڕای گشتی لە کوردستان و ناوچەکەدا وا وێنای کردووە. لە دۆخێکی لەو جۆرەشدا، بەکارھێنانی وشەی پشتیوانی ئاماژەی نەخوازراوی ھەیە و بواری وەبەرھێنانی دینیی و سیاسیش تیایدا لە ناوخۆو دەرەوە زۆرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دواى ئەوەى دوێنێ سێشەممە ژمارەیەک پەرلەمانتارى کوردستان بەیاننامەیەکى ناڕەزایەتییان لە بارەى سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان گەیاندە دەستى کونسوڵى فەڕەنسا لە هەولێر، ئەمڕۆ شاندێکى پەرلەمان بەسەرۆکایەتى هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان سەردانى کونسوڵخانەى ناوبراویانکرد و پەیامى پشتیوانى خۆیان بۆ فەڕەنسا دەربڕى و رایانگەیاند، بۆچونى فەرمى پەرلەمانى کوردستان پشتیوانیکردنى فەڕەنسایە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا