لە کۆمەڵگەی کەورگۆسک لە هەولێر، چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەر دوو پەرستار
و لێیاندان و یەکێکیان بریندار دەکەن و هەڕەشەى کوشتنیشیان لێدەکەن.
بە وتەى یەکێک لەو دوو پەرستارە کە کارمەندى فریاکەوتنی کەورگۆسکن،
رووداوەکە کاتژمێر١٢ى شەوى رابردوو روویداوە، دەشڵێت، "سەرەتا کەسێک بوو هەڕەشەی
کرد، دواتر پەیوەندی بە براکانییەوە کرد و بە چەکەوە هاتن و دوای ئەوەی لێیاندام ویستیان
تەقەم لێبکەن بەڵام ئەو خەڵکەى لەو دەوروبەرە بوون رێگەیان پێنەداون تەقە بکەن."
ئەو کارمەندەى تەندروستى راشیگەیاندووە، ئەوان ئێستا لە پۆلیسی کەورگۆسک و
دادگاش سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە و داوا دەکەن "بەزووترین کات تۆمەتباران
رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و دەستگیربکرێن."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر رووداوی هەڵکوتانەسەر
دەرمانخانە و کافتریا و هەڕەشەکردن لە خەڵک و بەکارهێنانی چەک زۆر بووە و بووەتە
باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ٩ى ئەم مانگەدا لە رووداوێکی هەڵکوتانەسەر دەرمانخانەیەکدا
دوو کەس بەچەکەوە هێرشیانکردە سەر کارمەندانى دەرمانخانەکە و دواتر ئەو چەکدارانە
لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.