سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا هۆشدارى دایە لوبنان و حزبوڵڵا
کە ئەگەر هێرش بکەنە سەریان، ئەوا تەلئەبیب گورزێکى سەربازى "ئاسنین" لە
لوبنان دەوەشێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە گرتەیەکى ڤیدیۆیدا کە لەسەر سنورەکانى نێوان لوبنان و
ئیسرائیلدا تۆمارکراوە، بونیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند،
سوپاى وڵاتەکەى بەرەوپێشچونێکى باشى بەخۆوە بینیوە و بەتایبەت لە تواناى هێرشکردندا
ئیسرائیل بەهێزتر بووە، وتیشى، ئەم بەرەوپێشچوونەى توانا سەربازییەکانیان لەلایەن
دەوڵەتى لوبنان و حزبوڵاوە بەهەند وەردەگیرێت.
ناتەنیاهۆ ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر حزبوڵلا یان سوپاى لوبنان هێرش بکەنە سەریان،
تەلئەبیب بە گورزێکى ئاسنین تۆڵەیان لێدەکاتەوە و دوژمنانى خۆى لە لوبنان لەناودەبات.
ئەم وتانەى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل سەبارەت بە
لوبنان لەکاتێدایە، ماوەى چەند مانگێکە ژمارەیەک لە وڵاتانى عەرەبى هەنگاوى زۆریانناوە
بەرەو ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.