د.ڕێواز فایهق سەرۆکی
پەرلەمان پەیامێکى بە بۆنەی یادی مەولودەوە بڵاوکردەوە و ڕاگەیاندووە، بەبۆنەی هاتنەوەی یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی و پێغەمبەری موسڵمانان(د.خ)، گهرمترین
پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەکەین.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
بەبۆنەی هاتنەوەی یادی
پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی و پێغەمبەری
موسڵمانان(د.خ)، گهرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و سەرانسەری
جیهان دەکەین.
ھیواخوازین ئەم یادە بەشکۆیە ببێتە مایەی قووڵبوونەوەی
گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی موسڵمانان و پێکهاتە ئایینیەکانی تر، و
زاڵبوونی پەیامی میانڕەویی و ڕێگەچارە ئەقڵانییەکان، کە ئاکاری ھەردەمی ئەو پێشەوا
ڕاستگۆ و ئەمینە بوون، بۆ ئەوەی شوێنی توندڕەویی و یەکترسڕینەوە و ناکۆکی و بریندارکردنی یەکتر و پێکداهەڵپژان
بگرێتەوە.
لەخوای گەورە داواکارین لەم یادە پیرۆزەدا، میھرەبانی
خۆی بڕژێنێتەوە سەر مرۆڤایەتی و نەھامەتی و ناخۆشیەکانی ئەم سەردەمە و پەتای نەگریسی
کۆرۆناش لەکۆڵ مرۆڤایەتی بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بکاتەوە.
ئەم یادە تەنها ڕۆژێکی پیرۆز نییە بۆ موسڵمانان، بەڵکو دەبێت ساتەوەختێکیش
بێت بۆ بەکۆتاهێنانی زوڵم و ستەم، جەختکردنەوە لەسەر بەرجەستەکردنی بەها باڵاکانی
دادپەروەریی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە، قبووڵکردنی یەکتر و دووورکەوتنەوە
لە بریندارکردنی ئەوی تری جیاواز، قبووڵنەکردنی پەیامی توندڕەویی،ڕقلێبوونەوە و بێڕێزیی
بە پیرۆزییەکانی یەکتری،لە پێش هەموویاندا بێڕێزیی بەرامبەر بە پێشەوای موسوڵمانان
پێغەمبەری مەزن(د.خ).
خوای گەورە مرۆڤایەتی و کوردستان و هاووڵاتیانی
لە دەرد و بەڵا و نەهامەتی بپارێزێت و ئارامی و ئاسوودەیی بە هەمووان ببەخشێت..
د.ڕێواز فایهق
سهرۆكی پەرلەمانی کوردستان