رووداوە کتوپڕەکانی ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا

دۆسیە 29/10/2020

Alternate Text

مەبەستمان لە رووداوە کتوپڕەکان ئەو رووداوە  گەورانەن کە مانگی ئۆکتۆبەری پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا روویانداوە، کە بوونەتە هۆی گۆڕینی ئەنجامی راپرسیەکان، یان دەرچوونی یەکێک لە کاندیدەکان،  وەیان زیانگەیاندن بە کاندیدێکی دیاریکراو، دەکرێت ئەو رووداوانە بە کتوپڕی روویاندا بێت،  یان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە رێگەی کەناڵێکی راگەیاندن وەیان کەناڵێکی دبلۆماسی بەرنامە رێژی بۆ کرابێت.

ئۆکتۆبەری پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا مانگی گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنە، هەر لەو مانگەدا زۆربەی دیبەیتە راستەوخۆکانی نێوان کاندیدانی سەرۆک و جێگرانی سەرۆک ئەنجام دەدرێن، بۆیە رووداوە گەورەکانی ئەو مانگە کە بە رووداوی ئۆکتۆبەر ناسراون کە دواتر ئاماژە بە دانەیەکیان دەکەین ئەگینا زۆرن لەو رووداوانە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان گۆڕیوە.

بۆ ئەو گەڕەی هەڵبژاردن زۆرێک لە چاودێران چاوەڕوانی ئەوە بوون کە دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆماریەکان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ سەرۆکایەتی ئەمەریکا دۆزینەوەی ڤاکسینی Covid - 19 بکاتە رووداوی کتوپڕی ئۆکتۆبەر، بەڵام وا لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەر نزیک دەبینەوە کەچی هیچ یەک لە کاندیدەکان (تڕەمپ  یان بایدن) کارێکیان نەکرد کە پێی بووترێت رووداوی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠.

لە هەڵبژاردی ساڵی ١٩٧٢ ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بە هۆی جەنگی ئەمەریکا – ڤێتنام، رکابەری بەهێز دەکەوێتە نێوانی ریتشارد نیکسۆنی کاندیدی کۆمارییەکان و جۆرج ماکغرنی کاندیدی دیموکراتەکان ، نیکسۆن کە ئەوسا لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بووە،  و بۆ گەڕی دووەم خۆی کاندید کردووەتەوە بە هۆی ئەو جەنگەوە لەژێر فشاری زۆری رەخنەی دژبەرانی جەنگ دەبێت لە نێوخۆی ئەمەریکا، وەک چۆن ئێستا ترەمپ لەژێر فشاری ئاسەوارەکانی پەتای کۆرۆنایە.

رۆژی ٨ ئۆکتۆبەر ١٩٧٢ کاتێک لە نێوانی ئەمەریکا و ڤیتنام دانوستانی ئاشتی لە فەرەنسا سازدەکرێت، لەو پڕۆسەی دانوستانەدا هینری کیسنجەر کە ئەوسا لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەبێت ڤیتنامیەکانی باکوور رازی دەکات بە راگەیاندنی ئاگربەست، بۆیە بۆ ئەوەی ئەو رووداوە بقۆزێتەوە بریار دەدات کە لە ٢٦ ئۆکتۆبەر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتۆن سازبکات بە هەلەداوان دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی تا مژدەی راگەیاندنی جەنگ بگەیەنێتە ئەمریکیەکان، بەڵام چوار رۆژ پێش هەوڵی ئاگربەست بەهۆی دژایەتی ڤێتنامیەکانی باشوور شکست دەهێنێت.

لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی دانووستان لە نێوانی ئەمەریکا – ڤیتنام شکست دەهێنێت، بەڵام کیسنجەر واز لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکە ناهێنێت و لەو کۆنگرە رایدەگەیەنێت کە ئاشتی لە نێو لەپی دەستمان دایە.

کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکەی هنری کیسنجەر لە ئۆکتۆبەری ١٩٧٢ دەرفەتی بۆ ریتشارد نیکسۆن درووستکرد کە لەو هەڵبژاردنە بباتەوە، چونکە مژدەی ئاگربەست ئەگەرچی لەلایەن رکابەرەکەی نیکسۆن بە فێڵی سیاسی ناوبرا کاریگەری لەسەر دەنگدەری ئەمەرکا دانا، هەرچەندە ئەو جەنگە دوای ئەو هەڵبژاردنە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو درێژەی کێشا، بەڵام رووداوە کتوپڕەکەی ئۆکتۆبەری ١٩٧٢ کاری خۆی کرد.

ئا: هیوا سەید سەلیم
سەرچاوە : ماڵپەڕی الحرة

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا