هۆشداری لە روودانی شەڕی ناوخۆ دەدرێت

کوردستان 29/10/2020

Alternate Text

سیاسەتمەدارێکی کورد لەرێگەی بانگەوازێکەوە هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ دەدات، گەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە قووڵ ببنەوە.

محەمەد ئەمین پێنجو‌ێنی، لەدوای دروستبوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

بانگەواز
بانگەوازێك بۆ هەموو رووناكبیران، هونەرمەند، سیاسەتوان و هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان، بۆ هەموو نیشتمانپەروەر و کوردپەروەران
بەڕێزان: چەند رۆژێکە زەنگێکی مەترسیداری شەڕی نەگریسی کورد بە کورد لێ دەدرێ، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە سێ (باند)یان دەستگیرکردووە، کە ویستوویانە کاری تیرۆرستی بکەن و (پەکەکە) یان پێ تۆمەتبار کردووە.
 یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند کە ئەوان و سێ ئەندامەکەیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بێ ئاگان و ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەشیان پێ قبووڵ نییە. ئەمەش نائومێدی و پشێویەکی زۆری لەناو گەلدا دروست کردووە.

پەکەکەش لە زمانی بەرێز (موراد قەرەیەڵا ن)ەوە، رایانگەیاند کە ئەو تۆمەتانە راست نین و ئامادەن بە بێ شەڕو بە دیالۆگ هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن .ئەمەش ئاماژەیەکی پۆزەتیفە.

بەڕێزان: ئەگەر شەڕ ڕووبدات، بە تەنیا شەڕی پارتی و پەکەکە نابێت، شەڕی هەموو کورد دەبێت، دەبێتە شەڕی باکوور و باشوور، دەبێتە هۆی لاوازکردن و بێبایەخکردنی دۆزی کورد لە هەموو جیهاندا، پرۆسەی سیاسیی باشوور بەرەو ئاڵۆزی و گێژاوێك دەچێت کە نیو سەدە پرسی کورد بۆ دواوە دەگێڕێتەوە . ئەمەش دوا تیرە کە دوو دەوڵەتی داگیرکەر بە دڵی کوردەیەوە دەنێن ...بەرێزان: بەو سیفەتەی کە بەندە لەشەڕی ۱۹۹۲ ی پەکەکە و بەرەی کوردستانی، شەڕی پەکەکەو پارتی و پەکەکە و یەکێتی لەناوەندگیریدا بووم، زۆر نهێنی و لایەنی شاراوەی شەڕەکانم بۆ ئاشکرا بوون، کە هەموویان بۆ لەناوبردن و لاوازکردنی دۆزی کورد بوون .
بۆیە داوا لەم بەڕێزانە دەکەم کە ڕێگری لەم پیلانە هەرێمایەتییە بکەن.
بەڕێز جەنابی کاك مسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەنابی کاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەنابی کاك مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جەنابی خاتوو رێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان، بەرێز جەنابی کاك کۆسرەت بەرێزان جەنابی شێخ لاهور کاك باڤڵ تاڵەبانی کاك قوباد تاڵەبانی هەڤاڵانی بەڕێز جەمیل بایك، مراد قەرەیەڵان و هەڤاڵ سەبری ئۆك داواتان لێ دەکەم کە هەمووتان پێکەوە هەوڵ بدەن ڕێگە لەم پیلانەی دوژمنی کورد بگرن! بۆ ئاگاداریتان بەندە لەهەردەرفەتێکدا یەکێك لەم بەڕێزانەم بینیبێت ئەم دروشمەم دووپاتە کردووەتەوە، کە دوو هێزی سەرەکی و کاریگەر لە کوردستاندا هەیە و دەتوانن ڕۆڵ لە هەموو کایەکاندا ببینن. پارتی و پەکەکە ئەگەر تەبا و کۆك بن دۆزی کورد بۆ پێشەوە دەچێ و لەئامانجە سەرەکییەکەمان نزیکمان دەکاتەوە و ئەگەر ئەم دوو هێزە ناکۆك و لە شەڕدا بن هێزەکانی تریش لە شەڕ دەگلێنن و دۆزی کورد بەرەو لەناوچوون دەبەن. با هەموو پێکەوە هەوڵ بدەین شەڕی کورد و کورد تەحریم بکەین.


محەمەد ئەمین پێنجۆێنی

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا